یاداشتێكی لێكگەیشتن لەسەر ئاوارەكانی موسڵ لە نێوان هەرێم و عێراق ئیمزا كرا

13/10/2016 - 10:30 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لیژنەی ھەماھەنگی نێوان ھەرێم و بەغدا بەئامادەبونی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەمڕۆ ڕێکەوتنێکی ھاوبەشیان لەچوارچێوەی دەستپێکردنی پرۆسەی ڕزگارکردنەوەی موسڵ واژۆکرد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانیی عیراقیش دەڵێت:"پارەی پێویست بۆ دروستکردنی کەمپ بۆ ئاوارەکان دابینکراوە لەھەرێمی کوردستان".

ئەمڕۆ ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لیژنەی ھەماھەنگی نێوان ھەرێم و بەغداو نەتەوەیەکگرتوەکان ڕێکەوتنێکیان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ واژۆکرد، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا وەزیری ناوخۆی ھەرێم و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراقیش تەئکیدیانکردەوە لەسەرئەوەی، ئامادەکاری تەواویان بۆ ھاتنی ئاوارە لەسنوری موسڵەوە کردوە کاتێک ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵ دەستپێدەکات.

کەریم سنجاری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم (لەپشکی پارتی) ڕاشیگەیاند، "بۆ پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ، ئامادەکاری تەومان کردوە، ئەو لیژنەیەش کە لەبەرپرسانی ھەرێم و بەغداو نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە پێکھێنراوە، ئەمڕۆ ڕێکەوتنێکیان واژۆکرد".

وتیشی:"لەکاتی پرۆسەکەو ھاتنی ئاوارەدا، بۆ پێشوازییان ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین و درێغی ناکەین".

لای خۆشیەوە دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق (لەپشکی گۆڕان) ئاماژەی بەوەکرد، "لەڕوی دابینکردنی پارەوە ھاوکاریی سەرجەم پارێزگاکان کراوە بۆ دروستکردنی کەمپ بۆ ئاوارەکانی موسڵ و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لیژنەیەی ئەمڕۆ ڕێکەوتنەکەیان واژۆکرد".