خوێندنی باڵا: هەفتەی داهاتو دەرچوانی 12ی ئامادەی دەتوانن بچنە ناو زانكۆلاینەوە

13/10/2016 - 11:12 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگادارییەك ئاراستەی قوتابیان دەكات و ڕایدەگەیەنێت: لە هەفتەی داهاتودا دەتوانن لەڕێگەی سیستمێكی ئەلیكترۆنیەوە بە كۆدی تاقیكردنەوەكانیان بچنە ناوسیستمی زانكۆلاین.



وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئاگاداری نامەیەكیدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە ڕاگەیاند:" ئەوانەی ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) یان لەڕێگەی پەروەردەو خوێندنگەو قوتابخانەكان بەدەست نەگەیشتتوە، لەهەفتەی داهاتودا لەڕێگەی سیستمێكی ئەلیكترۆنیەوە دەتوانن بە كۆدی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی بچنە ناو سیتسمی زانكۆلاین، دواتریش ژمارەی تەلەفۆنی خۆی یان كەسێكی نزیكی تۆمار بكات و، پاشانیش لەڕێگەی كورتە نامەیەكەوە ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) بەدەست دەگات و دەتوانێت بچێتە ناو سیستمی زانكۆلاین".

 

هەروەها ئاماژەی بەوە ش كردووە:" پێویستە ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) بەباشی بپارێزن، چونكە دواتر لەڕێگەی ئەو (بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ) كە بەدەستیان دەگات دەتوانن بچنە ناو سیستمی زانكۆلاین بۆ هەڵبژاردنی بەش و كۆلێژ و پەیمانگە لە زانكۆكان".

 

لە كۆتای ئاگاداری نامەكەدا ئەوەش هاتووە: بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە خوێندنگەو قوتابخانەكانی سنووری هەردو پاریزگای سلێمانی و هەڵەبجەو چەند شوێنێكی دیكە دەوام تیاندا نیەو مامۆستاو فەرمانبەران بایكۆتی دەوامیان كردوە، بۆیە نەتوانرا ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) لە كاتی خۆیدا بگەیەنرێتە خوێندكاران و قوتابیانی سنوری ئەو دو پارێزگایە، بۆیە بەڕێگەی ئەلیكترۆنی ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) دەگەیەنرێتە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی.

 

 

 


س ب