"هیچ شیعەیەک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە ناچێتە ناو شاری مووسڵ"

13/10/2016 - 11:37 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

چرکە ساتەکانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ نزیک دەبێتەوە و جموجۆڵ و ئامادەکارییەکانیش بەردەوامییان هەیە و فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەش ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ شیعەیەک لە سنووری هێزەکانی پێشمەرگەوە رێگایان پێ نادرێت بچنە ناو شاری مووسڵ. هاوکات ئاشکراشی دەکات ئەو هێزانەی سوپای عێراقیش کە بڕیارە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە بچنە ناو شاری مووسڵ ئەوا هێزەکانی پێشمەرگە شوێنەکانییان بۆ دەستنیشان دەکەن و ناتوانن لە هەموو سەنگەرێک تێپەڕبن.

میحوەری باشیک یەکێکە لەو میحوەرانەی کە نزیکە لە شاری مووسڵ و بەرپرسی ئەو میحوەرەش ئاشکرای دەکات کە حکوومەتی عێراق داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە رێگا بدەن هێزەکانی سوپای عێراق لە هەندێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە بەشداربن و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی نیشانداوە.

بەرپرسی میحوەری باشیک، حەمید ئەفەندی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو سەنگەرانە بەدەست هێزی پێشمەرگەوەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی عێراق داوای کرد کە بەشێک لە هێزەکانی لەو سنوورەوە بەشداربێت، ئەوا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشان دا لەوەی کە سوپای عێڕاق لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە بەشداربێت بەڵام مەرجەکە ئەوە بوو کە هیچ کەسێکی شیعە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە ناچێتە ناو مووسڵ، ئەوەی دێت تەنیا سەربازانی سوپای عێراقین، ئەوانیش لەو شوێنانە بەشدار دەبن کە ئێمە بۆیان دەستنیشانی دەکەین چونکە ناتوانن لە هەموو جێگایەک بەشداربن و ئێمە هێزەکانی خۆمان تەواو ئامادەن و پێویستمان بە سوپای عێراق نییە".

ئەگەرچی هەندێک جار هەواڵی ئەوە هەیە کە هێزی حەشدی نیشتمانی دەتوانن لە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەوە بەشداربن بەڵام بەرپرسی میحوەری باشێک رایدەگەیەنێت کە لە سنوورەکەی ئەوان رێگا نادەن هیچ هێزێک بچێتە ناو مووسڵ و لەمبارەیەوە ئەفەندی گوتی: "لە سەنگەرەکانی ئێمە هیچ هێزێک ناچێتە ناو مووسڵ و لە هەندێک شوێن تەنیا سوپای عێراق دەتوانێت بچنە ناو شارەکە و پێم وایە حەشدی شەعبی ناچێتە ناو مووسڵ چونکە ئێمە دەمانەوێت ژیانی خەڵکەکە پارێزراو بێت و پێمان باشە تەنها هێزی پۆلیس لەناو شارەکە بێت".

ئەمڕۆ دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری هێزەکانی پێشمەرگە لە شارۆچکەی شێخانەوە بەرەو بەنداوی مووسڵ رۆیشتووە. لەمبارەیەوە بەرپرسی میحوەری باشیک ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هێزە هێزی سوپای عێراق بووە نەک حەشدی شەعبی و گوتی: "ئەوەی ئێمە زانیومانە هێزێکی سوپای عێراق بۆ لای بەنداوی مووسڵ رۆیشتوون بەڵام بە سنووری باشیکدا نەڕۆیشتوون".

لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنەش پێشبینی دەکرێت خەڵکێکی زۆر ئاوارە بێت و ئەو فەرماندەیەش ئاماژە بە دروستکردنی چەند کامپێک دەکات بۆ لەخۆ گرتنی ئاوارەکان و سەبارەت بەم پرسەش حەمید ئەفەندی گوتی: "بێگومان لەو شەڕەدا خەڵک ئاوارە دەبێت و سەرەڕای ئەوەش لە چەند شوێنێک کامپ دروستکراوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان لەخۆ بگرێت و لە میحوەری باشیک یەک کامپ هەیە کە لەسەر رووبەڕێکی فراوان دروستکراوە و هاوکات لە سنووری خازریش دوو کامپ دروستکراوە و پێشبینی ئاوارەیەکی زۆر دەکرێت".

سەبارەت بە بارودۆخ و رەوشی ناو شاری مووسڵیش، حەمید ئەفەندی گوتی: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی تیرۆریستانی داعش لەناو شاری مووسڵدا ماون و ئەوانەی کە هاوکاری داعشییش دەکەن بەشێکیان ماون و بەشێکیشیان هەڵاتوون و جگە لەوەش چەکدارانی داعش لە ئێستادا پشت بە بۆمبی چێنراو دەبەستن و پێشبینی دەکەین بەرگریش بکەن و زانیاریشمان هەیە کە پێدەچێت گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش چەکی کیمیایی بەکاربهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئامادەکاریمان کردووە".

میحوەری باشیک دەکەوێتە نێوان میحوەری خازر و میحوەری ناوەران و بە دووری 20 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵ دوورە. مووسڵ دەکەوێتە باکووری عێراق و نزیکەی ٥٠٠ کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە، گەورەترین شاری ژێر دەسەڵاتی داعشە لە عێراق و سووریا، حکوومەتی عێراقیش رایگەیاندووە، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ، ئەو شارە دەگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. شاری مووسڵ لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش داگیر کرا. گرنگی شاری مووسڵ لەوەدایە کە پردی ووشکانیە لە نێوان عێراق و سووریا.