ئەنجوومەنی شوورا بڕیار لەبارەی پارێزگاری سلێمانی دەدات

13/10/2016 - 11:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

وەزیری ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە نا یاسایی بوونی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەو كێشەیە رەوانەی ئەنجوومەنی شوورای ھەرێمی كوردستان كراوە و لەوێ بڕیاری لێدەدرێت.

كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ھەولێر گوتی: "كێشەی پارێزگاری سلێمانیمان ناردووەتە ئەنجوومەنی شوورا و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت".

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان له‌ نووسراوێكدا كه‌ واژووی كه‌ریم سنجاری به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، فه‌رمانی ژماره‌ (9973 له‌ 29/8/2016) به‌ نایاسایی ده‌رچووه و دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه‌، دانانی سه‌رپه‌رشتیاری ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان له‌ پارێزگای (سلێمانی – هه‌ڵه‌بجه‌ - گه‌رمیان و راپه‌ڕین) له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوحۆ به‌ پێی كۆنووسی ژماره‌ 6ی رێكه‌وتی 22/10/2015 دانراوه‌ و گۆڕینیشی له‌ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تدایه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، له‌ رووی یاساییه‌وه‌ تا ئێستا ئاسۆ فه‌ره‌یدوون، پارێزگاری سلێمانییه‌ و ده‌رچوونی فه‌رمانێكی له‌وجۆره‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌.