پەرلەمانتارێك: كۆبونەوەی پەرلەمان بەبێ پارتی شكستێكی ترە

16/10/2016 - 10:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەوانەی باس لە كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن بەبێ پارتی، دیارە دەیانەوێ شكستی دیكە بۆ خۆیان تۆمار بكەن و كۆبوونەوەی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەك بەو جۆرە ناكرێ.

ڤەمان فەیسەڵ ئەندامی لیژنەی یاسایی و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە: بەڕێوەبردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی تەلاری پەرلەمانی كوردستان پێچەوانەی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992ی پەرلەمانی كوردستانە و هەر كۆبوونەوەیەكی وەها بكرێت هیچ شەرعیەتێكی نابێت، ئەو كەس و لایەنانەشی بەبێ رێككەوتن باس لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، تەنیا وەك فشارێك و خۆدەرخستنە لەلای جەماوەر، چونكە هەندێك لایەن باش دەزانن كۆبوونەوەی پەرلەمان بەوشێوەیە ناكرێت، بەڵام دەیانەوێ وەها پیشانی جەماوەری خۆیان بدەن هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆئەوەی پەرلەمان كۆببێتەوە.


ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: هەموو جارێك هەوڵی هەندێك لایەن بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان بەشێوەیەكی نێگەتیڤ لە سەریان شكاوەتەوە و شكستیان هێناوە و بەهیچ شێوەیەك بەبێ پارتی ئەو لایەنانە ناتوانن ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران كۆبكەنەوە.
ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە تەحەدداوە داوادەكات، ئەو لایەنانە خۆیان تاقیبكەنەوە و دەڵێت: بزانە چۆن دیسان شكست دەخۆن، دڵنیام لەوەی نەك لە دەرەوەی تەلاری پەرلەمان لەنێو پەرلەمانیش ئەوان ناتوانن كۆببنەوە و ژمارەی یاسایی تەواو بكەن.

ش.م