پەرلەمانتارێك: بەبێ پارتی كەس ناتوانێت كۆبونەوەی پەرلەمان بكات

16/10/2016 - 10:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دوپاتیدەكاتەوە، ئەوانەی باس لە كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن بەبێ پارتی، دیارە دەیانەوێ شكستی دیكە بۆ خۆیان تۆمار بكەن و، كۆبوونەوەی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەك بەو جۆرە ناكرێ.

ڤەمان فەیسەڵ ئەندامی لیژنەی یاسایی و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەرلەمانی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی وتوە "بەڕێوەبردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی تەلاری پەرلەمانی كوردستان پێچەوانەی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992ی پەرلەمانی كوردستانە و هەر كۆبوونەوەیەكی وەها بكرێت هیچ شەرعیەتێكی نابێت؛ ئەو كەس و لایەنانەشی بەبێ رێككەوتن باس لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، تەنیا وەك فشارێك و خۆدەرخستنە لەلای جەماوەر، چونكە هەندێك لایەن باش دەزانن كۆبوونەوەی پەرلەمان بەوشێوەیە ناكرێت، بەڵام دەیانەوێ وەها پیشانی جەماوەری خۆیان بدەن هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆئەوەی پەرلەمان كۆببێتەوە".
ڤەمان وتیشی "هەموو جارێك هەوڵی هەندێك لایەن بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان بەشێوەیەكی نێگەتیڤ لە سەریان شكاوەتەوە و شكستیان هێناوە. بەهیچ شێوەیەك بەبێ پارتی ئەو لایەنانە ناتوانن ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران كۆبكەنەوە".
ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە تەحەدداوە داوادەكات، ئەو لایەنانە خۆیان تاقی بكەنەوە و دەڵێت "بزانە چۆن دیسان شكست دەخۆن. دڵنیام لەوەی نەك لە دەرەوەی تەلاری پەرلەمان لەنێو پەرلەمانیش ئەوان ناتوانن كۆببنەوە و ژمارەی یاسایی تەواو بكەن".


ڕێبین عەلی