باڵی ناوەند: یەكێتی دەبێت لە نێوان حیزبێكی بنەماڵەیی و مۆدێرندا یەكلایی ببێتەوە

16/10/2016 - 10:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كادیرێكی باڵای باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ئیدی یەكێتی لە بەردەم واقیعێكی نوێدایە، چونكە لەنێوان حزبێكی ماڵباتی‌و هێزێكی مۆدێرندا بەرەو دوو مەنزڵگەی سیاسی جیاواز ئاڕاستە دەكرێت‌و خاوەنی دوو جەستەو دوو ئەقڵ‌و دوو ڕوئیاو دوو دنیابینی‌و دوو بەرژەوەندیی‌و پێكهاتەو سەركردایەتی جیاوازە.

سلێمان یونس لە میانەی وتارێكیدا دەڵێت" متمانەی نێوان باڵەكان لەخوار سفرەوەیەو بەرەو خوارتریش دەڕوات، هەربۆیە خۆشخەیاڵییە وابیربكرێتەوە كەدەتوانرێت ئەم متمانەیە لەمودەتێكی زەمەنی دیاریكراودا بچێتەوە نزیك شوێنی جارانی، بەتایبەت لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەیە، كۆڵەكەی كاركردن‌و بەرژەوەندی هاوبەش نەماوە، لەڕاستیدا یەكێتی ئیتر چیتر ناتوانێت بەم فۆڕمەی ئێستادا درێژە بەژیانی حزبی خۆی بدات، چونكە لەنێوان حزبێكی ماڵباتی‌و هێزێكی مۆدێرندا بەرەو دوو مەنزڵگەی سیاسی جیاواز ئاڕاستە دەكرێت‌و خاوەنی دوو جەستەو دوو ئەقڵ‌و دوو ڕوئیاو دوو دنیابینی‌و دوو بەرژەوەندیی‌و پێكهاتەو سەركردایەتی جیاوازە".

ئەو كادیرەی پێشكەوتووەی یەكێتی نوسیویەتی" چارەسەر جیابوونەوەو یەكگرتنەوەیە لەماوەیەكی زەمەنیدا لەڕێگای دابەشبوون بۆ دوو مینبەری جیاوازو دواتریش گردبوونەوەی هەردوو مینبەرەكەیە لەژێر چەتری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەرلەوەی شەڕی خاوەندارێتی یەكێتی بچێتەوە سەر ململانێی چەكداریی‌و بەكارهێنانی هێزو ڕشتنی خوێن!".