مه‌سعود بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

16/10/2016 - 12:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

مه‌سعود بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت  ئێستا شەڕی دژی تیرۆریستان لە قۆناغێكی یەكلاییكەرەوەدایە و هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوپای عێراقی بەشداری شەڕی ئازادكردنی موسڵ دەبێت ده‌شڵێت داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم وەك هەموو جار پشتیوانی پێشمەرگە بن .

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگە بە قارەمانێتیی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند. ئێستا شەڕی دژی تیرۆریستان لە قۆناغێكی یەكلاییكەرەوەدایە و هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوپای عێراقی بەشداری شەڕی ئازادكردنی موسڵ دەبێت.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا پێشمەرگە یەكڕیز و یەكدەنگ بە بێ جیاوازیی حزبی و ناوچەیی بەشدار دەبێت و ئەرك و كاری سەربازیی هەموو لایەك دیاری كراوە.

هەموو پێشمەرگەیەك كوڕ و برا و ئازیزی منن و كەسوكار و برا و پشت و پەنای یەكترن. داوا لە هەموو لایەنەكان و بەرپرسان و ڕاگەیاندنەكان دەكەم جیاوازی و موزایەداتی حزبی نەخنە ناو ڕیزەكانی پێشمەرگە، پێشمەرگە، پێشمەرگەی هەموو كوردستانە و سەركەوتنی پێشمەرگە سەركەوتنی هەموو كوردستانییەكە.

لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ هەر كەس یان بەرپرسێكی سەربازی، سەر بە هەر لایەنێك بێ ئەگەر دوور لە گیانی نیشتیمانی و پێشمەرگایەتی بێت و حزبیانە بجووڵێتەوە، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە ئیجرائاتی لەگەڵدا بكات و لە بەرەكانی شەڕ دووری بخاتەوە.

كەناڵ و دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش سەر بە هەر لایەنێك بن ئەگەر لە پۆششدانی هەواڵی شەڕەكان لەبری خزمەتكردنی كوردستان و پێشمەرگە بكەونە موزایەداتی حزبی ئەوە لە بەرەكانی شەڕ دوور دەخرێنەوە و ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە.

لە خودای مەزن داواكارم كە پێشمەرگە لەو جەنگەدا سەركەوتوو بێت و داوایش لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم وەك هەموو جار پشتیوانی پێشمەرگە بن.

مسعود بارزانی

16ـی 10ـی 2016