حەشدی شەعبی لەناو سوپای عیراق خۆیان حەشارداوەو نزیكن لەسەنگەرەكانی پێشمەرگە

16/10/2016 - 15:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - هەولێر

دەنگۆی ئەوە هەیە لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ لەژێر دەستی رێكخراوی داعش، چەكدارانی شیعە لەچوارچێوەی سوپای عیراقدا بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە بكەن و ئەمەش كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوەو ترسی ئەوە هەیە شەڕی گەورەی تائیفی لێ بكەوێتەوە .

بەرپرسێكی پلەداری سەربازیی عیراقی كە نەیویستوە ناوەكەی ئاشكرا بكات رایگەیاند: چەكدارانی شیعە لەڕیزی ئەو سەربازانەی عیراقدا هەن كە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە لەناوچەكانی خۆرهەڵات و باكوور هێرش دەكەنە سەر داعش .

ئاماژەی بەوەش كرد: چەكدارە شیعەكان بە لەبەركردنی جلوبەرگی سەربازی دزەیان كردووەتە نێو سوپای عیراق".

بەرپرسە سەربازییەكە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو چەكدارانە راستەوخۆ لە بەغداوە چونەتە نزیك موسڵ و دەشڵێت "بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتون، ئەو چەكدارانە سەر بە حەشدی شەعبین".

لەمیانی رێككەوتنی سەربازی لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ رزگاركردنی شاری موسڵ لەدەست داعش، یەكە سەربازییەكانی سوپای عیراق رێگەیان پێ دەدرێت لەبەشی باشوور، خۆرهەڵات و باكوور بچنە موسڵەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێگە بە تێپەڕبونی حەشدی شەعبی نادرێت.

 

م. كانی