سبەی لێژنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆدەبێتەوە

16/10/2016 - 16:13 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - هەولێر

بڕیارە رۆژی دووشەممە 17-10-2016 ئەو لێژنەیەی كە پەرلەمانی عێراق پێكی هێناوە بۆ بەدواداچون لەسەر كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان یەكەم كۆبونەوەی خۆی ساز بكات و پەرلەمانتارێكی كوردیش دوو پێشنیار ئاشكرا دەكات .
 
جەمال كۆچەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە بەغدا و، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو ووتی: سبەی دووشەممە كۆبونەوەیەك یەكەم ئەنجام دەدەین و تێیدا تاوتوێی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت و دواتر ڕاپۆرتێك بەرزدەكرێتەوە بۆ پەرلەمان .
 
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ووتی: ئێمە وەك نوێنەرانی كورد داوا دەكەین بەغدا بەیەك چاو سەیری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەغدا بكات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بكات و مووچەكان پەیوەست نەكرێن بە كێشە سیاسی و ناكۆكیەكانەوە .
 
ئاماژەی بەوەش كرد: وەك پێشبینی كراوە لە كۆبونەوەكەدا نوێنەرانی بەغدا داوادەكەن هەرێم پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت كە دەبێت رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە ڕەوانە بكرێت و بەو شێوەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت .
 
جی باسە لێژنەكە لە 10 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران پێك هاتوون و لەو ژمارەیەشدا پێنج ئەندامیان كوردن .
 
جەمال كۆچەر ئەوەشی خستەڕوو: بەهەموو شێوەیەك جەخت لە دابینكردن و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەین لە بەغداو هەوڵ دەدەین هەرچی زووە بەغدا كێشەكان چارەسەربكات ، بەڵام ئەمانەش پێویستان بە رێككەوتنی نوێ دەبێت لەنێوان هەرێم و بەغدا .
 
م. كانی