كاتی دەستپێكردنی خۆپیشاندانی فراوان و سەرتاسەری ڕاگەیەندرا

16/10/2016 - 17:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - 

ژمارەیەك لە رێكخراو و دەستەو كەسایەتی ناڕازی لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەشاری سلێمانی كۆبونەوەو لێژنەیەكیان بەناوی لێژنەی كاری هاوبەشی ناڕەزایەتیەکانیان پێکهێناو بڕیارە 23ی ئۆكتۆبەر خۆپیشاندانی سەرتاسەری و فراوان ئەنجام بدەن .

ئێوارەی ئەمرۆ یەك شەممە 2016/10/16 ژمارەیەك لە رێكخراو و دەستەو كەسایەتی ناڕازی كە نوێنەری زۆربەی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانبوون لەشاری سلێمانی كۆبونەوەو لیژنەی کاری هاوبەشی ناڕەزایەتیەکانیان پێکهێنا .

 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا فەرهاد سەمەد، ئەندامی دەستەی لیژنەی کاری هاوبەشی ناڕەزایەتیەکانیان بەیاننامەی دەستەکەی خوێندەوەو وتی:"هەرێمی کوردستان هەرێمێکی پڕ کێشە و قەیرانی بەردەوام و رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی قەیرانەکان روو لە زیادبوونە و هاوڵاتیان لە خراپترین دۆخدا ژیان دەبەنە سەر ، نەبوونی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و سنوردارکردنی ئازادی شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان و پەکخستنی تەواوی دامەزراوە ئابووری و سیاسیەکانی کۆمەڵگا و بەتاڵانبردنی و بە هەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی، ژیانی خەڵکی بەرەو کارەسات بردووە".

 ئاماژەی بەوەش كرد: بێ باکی و خەمساردی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە بەرامبەر ژیانی خەڵکی ناڕەزایەتیەکانیان سەبارەت بە کێشەی مووچە و " ستەمی" پاشەکەوتی زۆرەملێ و دانانی باج و رسومات لەسەر هاوڵاتیان و زیادکردنی نرخی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان نارەزایەتی خەڵکیان زیاتر و فراوانترکردوە، ئەمەش ئەو راستیەی تۆخترکردووە، کە چیتر متمانە و بڕوایان بەم حکومەتە نەمێنێت".

 وتیشی: ڕێگایەک کە بۆ خەڵک ماوەتەوە ئەوەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و مافەکانیان هێزی جەماوەری بهێنرێتە مەیدان، بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵێک گروپ و دەستە و ڕێکخراو و کەسایەتی ناڕازی لەسەر ئاستی  شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە خوارەوە ناویان هاتووە، ڕێککەوتین لەسەر دروستکردنی  بۆ هەماهەنگی و ڕێکخستنی تواناکانمان هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان".

ناوبراو وتیشی: بە ئامانجی بەگەڕخستنی هێز و ئیرادەی جەماوەری بۆ دروستکردنی فشاری راستەقینە لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیان و بەدەستهێنانی ئەم مەبەستانەش هەموو شێوازەکانی خەبات و چالاکی مەدەنی دەگرینە بەر بە جوڵاندنی شەقام و خەباتی هەمەلایەنانە بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانمان".

 لە كۆتاییشدا ئاشكرای كرد:  23ی مانگ هەموو جۆرە فشارێکی مەدەنی و چالاکیمان دەبێت و خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکەین لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان  .

 

م. كانی