حکومەتی هەرێم نەوتی ماڵانیشی بڕی

16/10/2016 - 17:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - محمد عمر كانی

پەرلەمانتارێكی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بڵاودەكاتەوەو ئاشكرای دەكات: حکومەتی هەرێم نەوتی ماڵانیشی بڕی ، كە ئەمەش دەچێتە سەر كاروانی قەیران و سەختیەكانی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە .

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كە واژووی ئاشتی هەورامی لەسەرەو فەرمانی وەزاریە ئەوەهاتووە: وەزارەت بەرپرسیاریەتی پێدانی پشتگیری لە ئەستۆ نەماوە بۆ نرخی فرۆشتنی سوتەمەنیەكان لە بازاری ناوخۆدا .

د. عیزەت سابیر، پەرلەمانتاری هەرێمی كوردستان ئەوەی خستەڕوو: لەم قەیرانە داراییە و لەم بێ مووچەییە حکومەتی هەرێم بۆچی بەشە نەوتی ماڵان دەبڕن؟ ، ساڵانی پێشوو دوو تا سێ بەرمیل نەوتتان بە نرخێکی گونجاو دەدا بە هاووڵاتیان، ئەی ئەمساڵ وا زستان بەڕێوەیە؟ .

ئەو پەرلەمانتارە بۆ كوردیو دەشڵێت: دڵنیام نایکەن پشت بەست بەم نوسراوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان. هاووڵاتی سادە پارەی لە کوێ بوو لیترێک نەوت بکڕێ بە ٦٠٠ دینار هێشتا زستان نەهاتووە؟ .

 

م. كانی