کۆسرەت ڕەسوڵ: پەیامەکەی بارزانی دەروازەیەکی گونجاوە بۆ چارەسەری کێشەكان

22/11/2016 - 15:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

لە پەیامێكدا جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ڕایگەیاند: دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی لەرووی ئەو ھەلومەرجەدا و لەڕووی ئەرکە گەورەکانی کورد و کوردستاندا بایەخێکی گەورەی ھەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ کۆسرەت ڕەسول، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کە هاوکات یەکێکە لە ڕابەرانی ناوەندی بڕیاری یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و پەیامەکەی بارزانی بەئیجابی ناوبرد.
کۆسرەت ڕەسول لە پەیامەکەیدا دەڵێت: لەم هەلومەرجە قورسەی هەرێمدا پەیامەکەی بارزانی دەروازەیەکی گونجاو بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
کۆسرەت ڕەسول دەشڵێت: ئەگەر ھوشیارانە و دڵسۆزانە جێبەجێ بکرێ ئەتوانێ ھەنگاوی باش بۆ چارەسەرکردنی باری ئابووری و ژیانی خەڵک بنێت.
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ئەوەشی وتووە: بەناوی خۆم و ھەڤاڵەکانمانەوە پشتیوانی لەو ھەنگاوە دەکەم و بە ھەموو توانا ھەوڵ دەدەین بە ئەنجامەکانی خۆی بگات و داوا لە ھەموو تێکۆشەرەکانی (ی.ن.ک) دەکات کە بەھەموو توانا پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی و ئابووری لە دەستپێشخەرییەکەی بارزانی بکەن.


کۆسرەت ڕەسوڵ ئەوەشی وتووە: ھیوادارم ھەموو حزب و لایەنەکان بەگیانی لەخۆبووردن و ھەست کردن بە لێپرسراوێتی مێژووییەوە ھاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ئەو دەستپێشخەرییە بکرێ بە ھەنگاوی بەکار بۆ دەربازبوونی گەلەکەمان و ھەرێمی کوردستان لەو قەیرانە ترسناکەی، کە ھەموو لایەنێکی ژیانی خەڵکی کوردستانی گرتۆتەوە.

 

ش.م