باجەكانی حكومەت ... بەپێی قەبارەو ژمارەی سەللەی زبڵ پارەی زبڵ لە هاوڵاتیان دەستێندرێت

22/11/2016 - 16:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - محمد عمر كانی

ئەگەر چی هەرێمی كوردستان زیتر لە دوو ساڵە بە قەیرانێكی سەختی دارایی تێدەپەڕێت و جگە لەو قەیرانەش حكومەت لەڕێگای سەپاندنی باجی نوێ و بەرزركردنەوەی ڕێژەی باجەكانیترەوە هاوڵاتیانی ڕوبەڕووی دۆخێكی سەختتر كردۆتەوە .
 
لە ئێستادا حكومەتی هەرێم بڕیارو شێوازی نوێ و سەرنج ڕاكێش جێ بەجێ دەكات بۆ سەندنی پارەو باج لە هاوڵاتیان كە بەشێك لەهاوڵاتیان بە داهێنانی حكومەت ناوی دەبەن لە لێ سەندنی پارەو داهاتەكانیان بەزۆرداری .
 
چەند شاهێدحاڵێك بۆ كوردیو ئەوەیان ئاشكرا كرد كە لەلایەن شارەوانیەوە گەڕەك بەگەڕەك لەلایەن تیمەكانیانەوە گەڕان ئەنجامدراوەو پارەی زبڵ و خاشاك لەسەرجەم دوكان و ماڕكێت و مۆڵەكان وەرگیراوە تەنانەت لە دەرمانخانەو پزیشكەكانیش پارەی زبڵ و خاشاك وەرگیراوە .
 
سەرچاوەیەكیش لە شارەوانی دووی شاری هەولێر بۆ كوردیو ئاشكرای كرد كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕێنمایی بۆ شارەوانیەكان دەركراوە كە پارەی زبڵ و خاشاك وەربگیرێت و پارەكەی بەپێی قەبارەو ژمارەو (حاویة) سەللـەی زبڵی دوكان و مۆڵ و ماڕكێتەكان دەبێت .
 
بەپێی نرخەكانیش پارەی مانگانەیان لێ وەردەگیرێت و لە پێنج هەزار دینارەوە بۆ دوكانی بچوك دەست پێ دەكات و تا 100 هەزار دیناریش بۆ مۆڵ و سوپەڕماركێتەكان وەردەگیرێت .
 
بەپێی ڕێنماییەكەی ئەنجومەنی وەزیرانیش پارەكە لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە هەژمار دەكرێت و لە دوكان و مۆڵ و ماركێتەكان وەردەگیرێت .
 
چەند دوكاندارێك بۆ كوردیو ئەوەیان خستەڕوو كە ئەوان وەك ناڕەزایی بەرامبەر بەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران پارەیان نەداوەو ڕەتیان كردۆتەوە پارە بدەن، بەڵام دواتر لەلایەن تیمی شارەوانی و پۆلیسەوە ناچاركراون یان پارە بدەن یانیش دوكانەكانیان دادەخرێت و قوفڵی لێ دەدرێت .
 
م-ع-ك