"هەرتیرۆرێک ئەنجامدەرانی نەدۆزرایەوە ئەو تیرۆرە دەسەڵات خۆی ئەنجامی داوە"

23/11/2016 - 17:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - محمد عمر كانی

لەسەر تیرۆركردنی زانای ئایینی دكتۆر ووشیار ئیسماعیل كە شەوی ڕابردوو لەبەردەم ماڵەكەی تیرۆركرا ، پەرلەمانتارێك ڕایدەگەیەنێت: هەرتیرۆرێک ئەنجامدەرانی نەدۆزرایەوە ئەو تیرۆرە دەسەڵات خۆی ئەنجامی داوە .

كاردانەوەكان لەسەر تیرۆركردنی شەهید دكتۆر ووشیار ئیسماعیل بەردەوامەو هێزو لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و فڕاكسیۆن و پەرلەمانتاران داوا دەكەن هەرچی زووە هێزە ئەمنیەكان و دەسەڵاتی هەولێر بكەران و تیرۆرستانی شەهیدكردنی مامۆستا مەلا ووشیار ئیسماعیل بدۆزنەوەو دادگاش بە سزای خۆی بگەیەنێت .

پەرلەمانتار سۆران عومەر وێنەی شەهید دكتۆر ووشیار ئیسماعیلی بڵاوكردۆتەوەو نوسیویەتی: هەرتیرۆرێک ئەنجامدەرانی نەدۆزرایەوە ئەو تیرۆرە دەسەڵات خۆی ئەنجامی داوە .

تیرۆركردنی ئەو زانا ئایینیە لەشاری هەولێر تەنها دوای تێپەڕبونی سێ مانگ دێت بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنوسێك لەشاری دهۆك كە تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تاوانباران نەبوەو گومانیش دەكرێت كەیسی تیرۆركردنی ئەو زانا ئایینیە بەهەمان شێوەی كەیسەكانیتری تیرۆركردنەكان لەهەرێمی كوردستان بهێندرێت .

لەلایەكیترەوە پەرلەمانتارەكە دەشڵێت: به‌داخه‌وه‌ له‌په‌نای ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌دا له‌ هه‌رێمی كوردستان، تاكو ئێستا هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندن و تیرۆری نێوخۆیی بوونی هه‌یه‌و له‌ڕۆژنامه‌نوسانه‌وه‌ گه‌شته‌ مامۆستایانی ئاینی، به‌رگرتن به‌م تیرۆره‌و ئاشكراكردن و ڕیسواكردنی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌ركی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌، ئه‌گه‌ر پلانداڕێژه‌رو بكه‌رانی ئه‌و تیرۆرانه‌ ئاشكرا نه‌كرا ده‌سه‌ڵات خۆی تۆمه‌تباره‌ .

م-ع-ك