پەرلەمانتارێكی یەكێتی چەند پرسیارێك ئاڕاستەی پارتی دەكات لەسەر پرسی سەرۆكی هەرێم

30/11/2016 - 15:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - محمد عمر كانی

لەسەر دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكان پەرلەمانتارێكی یەكێتی ڕەخنە لە پارتی دەگرێت بەوەی يه‌كێك له‌ لاوازیه‌كانی ‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان لايه‌نه‌كان نه‌بوونی پرۆژه‌يه‌ك بوو له‌لايه‌ن پارتی كه‌ پێويست بوو په‌يامه‌كه‌ی بارزانی ته‌رجومه‌ بكه‌ن بۆ پرۆژه‌يه‌كی كرداری ، دەشڵێت: كۆبوونه‌وەكان ته‌نها يه‌ك ئه‌نجامی باشی هه‌يه‌ ئه‌ويش ئه‌گه‌ر بتوانێ به‌سته‌ڵه‌كی سياسی نێوان لايه‌نه‌كان بتوێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا تا گوتار و نيه‌تی سياسی راشكاو نه‌بێت كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامی نابێت و ته‌نها بۆ سه‌رقاڵكردن و گێژكردنی كۆمه‌ڵگا ده‌بێت. 

گۆران ئازاد، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر دواهەمین گۆڕانكاریە سیاسیەكانی هەرێم و دەست پێكردنەوەی كۆبونەوەكان بۆ كوردیو دەڵێت: له‌م هه‌رێمه‌ كاتێك كۆبوونه‌وه‌ پێويستی به‌ پرۆژه‌ هه‌يه‌ ، پرۆژه‌ نييه‌. كاتێك پرۆژه‌مان پێويست نييه‌ ، هه‌رێم پرۆژه‌باران ده‌كرێت! يه‌كێك له‌ لاوازیه‌كانی ‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان لايه‌نه‌كان نه‌بوونی پرۆژه‌يه‌ك بوو له‌لايه‌ن پارتی ديمه‌كراتی كوردستان ، كه‌ پێويست بوو په‌يامه‌كه‌ی بارزانی ته‌رجومه‌ بكه‌ن بۆ پرۆژه‌يه‌كی كرداری.

دەشڵێت: بۆنموونه‌: پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم چۆن ده‌بێت؟ يان چۆن و به‌ چ شێوازێك ده‌سته‌ی سه‌رۆكايه‌تی ده‌گۆردرێت؟ ڕايان لەسه‌ر حكومه‌تی بنكه‌ فراوان چيه‌، ئايا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ يان هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌؟ پرۆژه‌ی ده‌ستور؟ .

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەشڵێت: چه‌ند ساڵێك زياتره‌ هه‌موو هێزه‌كان قسه‌ ده‌كه‌ن له‌ (TV) و په‌يام و به‌يان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ ، بۆيه‌ ته‌نها بۆ وه‌رگرتنی ڕای حيزبه‌كان پێويستمان به‌ كۆبوونه‌وه‌و سه‌ردان نييه‌، به‌ڵكو ده‌بێت له‌سه‌ر خاڵه‌كان رێككه‌وتن بكرێت و روون بێت هه‌ر لايه‌نه‌ی چی ده‌وێت وده‌ستبه‌رداری چی ده‌بێت و چيش ده‌به‌خشێ .

پەرلەمانتارەكە ئاماژەی بەوەش كردووە: له‌لايه‌كی تر ، ئه‌و ره‌خنه‌يه‌ی‌ له‌ لايه‌نه‌كانی تر ده‌گيرێت ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌وانيش به‌خاڵ و پرۆژه‌ پێمان ناڵێن چۆن كێشه‌ی سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌ت چاره‌سه‌ربكه‌ين هه‌مووی قسه‌ی گشتييه‌ كه‌ ده‌ڵێن په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌ ، ژيانی هاوڵاتيان باش بكرێ شه‌فافيه‌ت هه‌بێت. بۆيه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ به‌ ڕای من ته‌نها يه‌ك ئه‌نجامی باشی هه‌يه‌ ئه‌ويش ئه‌گه‌ر بتوانێ به‌سته‌ڵه‌كی سياسی نێوان لايه‌نه‌كان بتوێنێته‌وه‌ و سه‌ره‌تايه‌ك بێت بۆ متمانه‌ دروستكردن ، ئه‌گه‌رنا تا گوتار و نيه‌تی سياسی راشكاو نه‌بێت كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامی نابێت و ته‌نها بۆ سه‌رقاڵكردن و گێژكردنی كۆمه‌ڵگا ده‌بێت...