بنەماڵەی شەهیدی مینبەر لەم چاوەڕوانیەی ئاسایش دان

30/11/2016 - 16:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - محمد عمر كانی

زیاتر لە هەفتەیەك تێپەڕ دەبێت بەسەر تیرۆركردنی شەهیدی مینبەر دكتۆر وشیار ئیسماعیل و تا ئێستاش ئاسایشی هەولێر تەنها بكوژەكانی دۆزیوەتۆتەوەو بنەماڵەكەیشی ڕایدەگەیەنن چاوەڕوانی لێكۆڵینەوەن تا دەستی پشتەوەی تیرۆركردنەكەو هۆكارەكەی لەلایەن ئاسایشەوە بدۆزرێتەوەو ئاشكرا بكرێت .

دیار گۆران، برای شەهیدی مینبەر دكتۆر وشیار ئیسماعیل لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو ئاشكرای كرد: دوای ئەوەی دڵنیابوینەوە لەوەی ئەو دوو كەسەی دەستگیركراون هەمان ئەو بكوژانەن كە دكتۆر وشیاریان تیرۆركرد، لەلایەن ئاسایشەوە بەڵێنمان پێدراوە كە دەستی پشتەوەی ئەو تیرۆركردنەش ئاشكرا بكەن و بیخەنەڕوو .

ئاماژەی بەوەش كرد: لەئێستادا چاوەڕوانی لێكۆڵینەوە بەردەوامەكانی ئاسایشین كە بەدوای هۆكاری تیرۆركردنی شەهیدی مینبەرەوەن .

تیرۆركردنی شەهیدی مینبەر لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كە شانازی بە ئەمنیەت و ئاسایشەكەیەوە دەكرێت نیشانەی زۆری هەڵگرتوەو تەواوی چین و پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بەسەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكان و تەنانەت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانیتریش هاتونەتە دەنگ و ئیدانەی تیرۆركردنەكەیان كردو داوایان كرد هەرچی زووبێت بكەرانی دەستگیربكرێن و پشتیوانان و رێنیشاندەرانیشیان بە سزای یاسایی بگەیەندرێن .

دوای ئەوەی لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانیش خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایی لە دژی تیرۆركردنی شەهیدی مینبەر بەڕێوەچوو، تەواوی چاوەكان لەسەر ئەوەن كە بەزووترین كات و بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا هۆكارەكانی تیرۆركردنی ئەو زانا ئایینیە بخرێتەڕوو .

زانای ئایینی دكتۆر وشیاری ئیسماعیل شەوی 22 لەسەر 23ی تشیرینی دووەمی 2016 لەبەردەم ماڵەكەی خۆی تەقەی لێكراو بەسەختی برینداركرا، دوای مانەوەی بۆ چەند ساتێك لەنەخۆشخانەی خۆرئاوای هەولێر گیانی سپاردوو شەهید بوو .

ناوی خۆی (وشیار ئیسماعیل موستەفا) یەو لەساڵی (1976) لەدایك بووەو خێزاندارەو خاوەنی چوار منداڵە بەناوەكانی (ئیسراو نزاو سەناو ئەحمەد) ، لەساڵی (1999) ئیجازەی عیلمی وەرگرتووەو لەساڵی (2003) كۆلێژی تەواو كردووەو لەساڵی (2007) ماستەری لەتەفسیر وەرگرتووەو لەساڵی (2013) ش پلەی دكتۆرای لەتەفسیر وەرگرتووە .

دكتۆر ووشیار بۆ ماوەی (13) ساڵ ووتاربێژ بوو لە گوندی بێستانەو دواتریش لە مزگەوتی خدر سوارە بۆ ماوەی (10) ساڵ و تاكو تیرۆركردنیشی لەمزگەوتی عومەر بندیان وتاربێژی ئایینی بوو .

 

م-ع-ك