ئامارێك له‌باره‌ی توشبوانی ئایدز له‌هه‌رێم بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

01/12/2016 - 13:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان ئامارێكی رەسمی له‌باره‌ی توشبوانی ئایدز له‌هه‌رێم بڵاو كردۆته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ئه‌مساڵدا هەشت حاڵەتی نەخۆشی ئایدز لە هەرێمدا تۆمار كراوه‌ .
 
دكتۆر رێكەوت حەمەرەشید وەزیری تەندروستی هەرێم لەراگەیەندراوێكدا بلاوی كردۆته‌وه‌ : لە ساڵی ٢٠١٦دا، هەشت حاڵەتی نەخۆشی ئایدز لە هەرێمدا تۆماركراوە كە دانیشتووی هەرێم بوون، 20 كەسی بیانیش بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە رەوانەی وڵاتەكانیان كراونەتەوە.
 
ناوبراو وتویه‌تیشی بەراورد بە وڵاتانی دیكەی دەوروبەر، لە هەرێمی كوردستاندا كەمترین حاڵەتی ئایدز تۆماركراوە.
 
وەزیری تەندروستی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ : ژمارەی توشبوانی ئایدز لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1986ەوە تائێستا گەیشتۆتە 30 حاڵەت.
 
ناوبراو داوا لە هاوڵاتیانیش دەكات كە گرنگی بەڕێنماییە تەندروستییەكان بدەن بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشییە و داواش دەكات رێنماییەكان لەبارەی پەیوەندی سێكسییەوە جێبەجێبكەن و سرنجی بەكارهاتووش بەكارنەهێنن.
 
بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئامارەش  لە كاتێكدایە كه‌ ئەمڕۆ 1ی كانوونی یەكەم، رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدزە.
 
 ژمارەی ئەوانەی لە جیهاندا توشی نەخۆشی ئایدز بوون تا ساڵی 2015 گەیشتۆتە 37 ملیۆن كەس ئه‌مه‌ش بە پێی راپۆرتەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ، لە ساڵی 2015شدا زیاتر لە یه‌ك ملیۆن كەس لە جیهاندا بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانیان لە دەستداوە.
 
 
 
 
 
 
هونه‌ر بانه‌گوڵانی