یەكێتی وەڵامی توندی پارتی دەداتەوە

01/12/2016 - 13:58 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

یەکێتیی وەڵامی فراکسیۆنی پارتی و نوسینگەی مەسعود بارزانی دەداتەوەو فراکسیۆنی یەکێتیش لەبەغدا ده‌ڵێت لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە سەرپشککراوین، ھەرکارێک لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیان بوو، ئەنجامی بدەین".

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەبەغدا باس لەوەدەکات، فراکسیۆنی یەکێتیی بەبێ ئاگاداری حزبەکەی لەبارەی بودجەو موچەوە ڕێکەوتن دەکات، سکرتێری ڕۆژنامەوانی مەسعود بارزانیش لەسەر کۆبونەوەی فراکسیۆنی یەکێتیی و نوری مالیکی دەڵێت:"چۆن لەڕێگەی مالکییەوە بودجەو موچەتان بڕی، ئاواش بیگەڕێننەوە، کەمتر لەمە بکەن کۆیلایەتی و جاشایەتییە بۆ مالیکی".

د.فەرھاد قادر پەرلەمانتاری یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەمیدیاكانی نزیك له‌یه‌كێتی ڕاگەیاندوه‌: "وەک فراکسیۆن کۆبونەوەمان کردوەو لەڕێگەی سەرۆکی فراکسیۆنیشەوە قسە لەگەڵ مەکتەبی سیاسی کراوە".

وتویه‌تیشی :"مەکتەبی سیاسی وتویەتی لەچوارچێوەی دەستورو یاساو سەروەری ھەرێمی کوردستاندا، ھەر شێوازێک دەدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و کێشەی موچەی فەرانبەرانی ھەرێم، پاڵپشت و پشتیوانین، ئێمەش لەو چوارچێوەیە کارمانکردوە".

د.فەرھاد قادر لەبارەی لێدوانەکەی سکرتێری ڕۆژنامەوانی مەسعود بارزانیش  وتویه‌تی:"نەک ئێمە خودی مالیکی بەبەڵگەو نوسراوی ڕەسمی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی داوەتەوە کەخراونەتە پاڵ یەکێتی گوایە بودجەو موچەی ھەرێمی بڕیوە".

ناوبراو ڕاشیگەیاندوه‌: "منداڵێکی ناو بێشکەش دەزانێت کەسیاسەتی ھەڵەی ھەرێم لەئیدارەدانی دۆسێی نەوتدا، بوە ھۆی ئەوەی بەم دۆخە بگەین و قوتی خەڵکی کوردستان ببێتە قوربانی ململانێ سیاسییەکان و تەنانەت شەخسییەکانیش نەک تەنھا حزبییەکان".

وتویه‌تیشی: "خۆزگە پارتی لەبری تۆمەتبارکردنی یەکێتیی، کاری بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و چاکسازیی و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی بکات".

 

 

 

 

هونه‌ر بانه‌گولانی