ئەمینداری گشتى یەکگرتوو پێشوازی لە لیژنەی هاریکاری ئیسلامی دەکات

01/12/2016 - 14:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 ئەمینداری گشتى یەکگرتوو رایده‌گه‌یه‌نێت ئێستا لە هەرکات زیاتر لایەن و کەسایەتیە ئیسلامیەکان پێویستیان بە لێک نزیکی و یەک هەڵوێستی هەیە ،وەک یەکگرتووش لە رابردوو ئێستاشدا بەردەوام لە هەوڵدا بوون بۆ یەکخستنی نێومالی کورد بەگشتی و لایەن و کەسایەتیە ئیسلامیەکان بە تایبەتی تر 

 دوا نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنج شەممە 1- 12 – 2016   مامۆستا صلاح الدین موحەمەد بهاالدین ئەمینداری گشتى یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان لە شارى سلێمانى پێشوازی لە لیژنەی هاریکاری ئیسلامی کرد لەدیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی لیکنزیکردنەوەى زیاترى نێوان لایەن و کەسایەتیە ئیسلامیەکانی هەرێمی کوردستان کرا .

ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو ئاماژەی بەوە دا ئێستا لە هەرکات زیاتر لایەن و کەسایەتیە ئیسلامیەکان پێویستیان بە لێک نزیکی و یەک هەڵوێستی هەیە ، وەک یەکگرتووش لە رابردوو ئێستاشدا بەردەوام لە هەوڵدا بوون بۆ یەکخستنی نێومالی کورد بەگشتی و لایەن و کەسایەتیە ئیسلامیەکان بە تایبەتی تر هەوڵەکانی بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن .

لە بەشێکى ترى وتەکانیدا ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو تیشکى خستە سەر بارودۆخى سیاسى عیراق و هەرێم و ناوچەکەو جەغتى کردوە لە دواى روداوەکانى 12- 10 – 2015 ەوە لە هەوڵی بەردەوامدا بووە بۆ چارەسەری کێشە سیاسیەکانی هەرێم و سوپاس بۆ خوا لە ئێستاشدا هەوڵەکان خەریکە بەرئەنجامیان دەبێت و لایەنی کەم پێنج لایەنە سەرەکیەکیەکەى هەرێم بریاریانداوە لەگەل یەکدی کۆببنەوە.

دواتر وەفدی لیژنەی هاریکاری ئیسلامی پاش سوپاسیان بۆ رەخساندنی دیداری ئەمینداری گشتی رونیانکردەوە ئەوان سەردانی لایەن و کەسایەتیە ئیسلامیەکانی دیکەیان کردووە بە ئامانجی یەکخستنی نێوماڵی لایەنە ئیسلامیەکان هەروەها جەختیانکردەوە لە رێگەی پرۆژەی هاریکای ئیسلامیەوە لێک تێگەیشتتن و نزیکبونەوەی زیاتر لە نێوان لایەنە ئیسلامیەکاندا بەرجەستە بوە .

لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە هەر یەکە لە د.عومەر موحەمەد ئەندامی ئەنجومەنی جێبەدێکردن و د.شێرکۆ جەودەت ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو ئامادەی دانیشتەنەکە بون .

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی