وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 دەخرێتەڕوو

01/12/2016 - 16:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - هەولێر

ئەگەرچی فەرمانبەرانی هەرێم ترسیان لە پاشەكەوتی مووچە هەیە بۆ مانگەكانی 10 و 11 و 12 بەڵام سەرچاوەیەك لەوەزارەتی داراییەوە ڕەتی دەكاتەوە مووچەی مانگی 10 پاشەكەوت بكرێت و دەڵێت: لە یەك دوو هەفتەی داهاتوو چارەگە مووچەی مانگی 10 دەستپێدەكاتەوە،. ئەوەش لەكاتێكدایە سەرجەم وەزارەتەكان چارەگە مووچەی مانگی نۆیان پێدراوە، بەڵام هیچ خشتەیەك بۆ خانەنشینان و كەس و كاری شەهیدان بڵاونەكراوەتەوە .

بەپێی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی داراییەوە ئەوە هاتووە: چاوەڕوان دەکرێت لە دوو ھەفتەی داھاتوودا، دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاری دەکرێت .


سەرچاوەكە بە باسنیوزی ڕاگەیاندوە: ”ئامادەکاری کراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران“. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”گەنجینەکان ئاگادار کراونەتەوە کە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ وردبینی کردنی لیستەکانی مووچەی مانگی 10ی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان“.


ڕەتشیكردۆتەوە مووچەی مانگی 10 بچێتە چوارچێوەی پاشەکەوت و وتی: ”ئەو ھەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە کە باسی ئەوە دەکەن، ئەمساڵ ھیچ مووچەیەکی تر دابەش ناکرێت“.

بەپێی ئەو سەرچاوەیەبێت كە بە میدیاكەی نزیك لە پارتی ڕاگەیاندووە مووچەی مانگی 10 دابەش دەكرێت، بەڵام چارەنوسی مووچەكانی مانگی 11 و 12 دیار نیە .

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، داھاتی مانگی 10ی 2016 لە فرۆشتنی نەوتدا، 416 ملیۆن و 511 ھەزار و 598 دۆلار بووە.

 لەلایەن خۆیەوە، عوسمان ساڵح، بەڕێوەبەری گەنجینەی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە بەردەوامن لە کاری خۆیان بۆ وردبینیکردنی لیستی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران و ئامادەن بەردەوام کار بکەن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دابەش بکرێت.

جەختیشی لەوە کردەوە: ”لیستی مووچەی مانگی 10ی ھەندێک وەزارەت و فەرمانگەمان وردبینی کردووە و ئەوەی ماوەتەوە، بەردەوام دەبن لە وردبینیکردنیان بۆ ئەوەی ئامادە بکرێت بۆ کاتی پێویست“.

بەپێی خشتەی مانگەکانی ڕابردووی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، سەرەتا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر دەزگا ئەمنییەکان، ئینجا مووچەی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتەکانی دیکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

 

م-ع-ك