پێچەوانەی سلێمانی، لەهەولێر دژی سروە عەبدولواحید خۆپیشاندانێك بەڕێوەچوو

10/12/2016 - 11:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەمڕۆ شەممە پێچەوانەی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی، لە پایتەختی هەرێمی كوردستان گردبونەوە و خۆپیشاتندان دژی وتەكانی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان سازكرا.

 

ئەمڕۆ شەممە پێچەوانەی بەشێك لە شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كە دژی سیستمی نوێی موچە و نەبونی موچە گردبونەوە ساز دەكرێت، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دژی وتەكانی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان گردبونەوە و خۆپیشاندان بەڕێوەچوو كە بەگوێرەی هەواڵێكی ڕوداو، مەنسوور بارزانی، بەشداری لە خۆپیشاندانەكەی شاری هەولێر كردووە و ئاماژەی بەوە كردووە:" ئێمە وەك پێشمەرگە سووكایەتی بە پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان قبوڵ ناكەین و داواكارین تەنیا بە داوای لێبوردنێك تەواو نەبێت و ئەو پەرلەمانتارە سزا بدرێت".

 

جێگای ئاماژە بۆكردنە لە دوای‌ ئەنجامدانی‌ دیدارێكی‌ تەلەفزیۆنی‌ لەگەڵ‌ كەناڵێكی‌ عێراقی‌، بەشێك لەلایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان هێرشیان كردەسەر سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری‌ گۆڕان لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق و تۆمەتباریان كرد بە "بێ‌ رێزی‌" بەرامبەر كەسوكاری‌ شەهیدان و لەبەرامبەریشدا سروە عەبدولواحید رایگەیاند :" لەبەرنامەكەدا تەشهیرم بەكەس نەكردووە و لەماوەی ٥٢ خولەكدا بەرگریم لەمافی پێشمەرگە كردووە، بەڵام پارتی موزایدە دەكات و ئەمەش بۆ شاردنەوەی گەندەڵی و ئەو هەمووە زوڵمەیە كەلە پێشمەرگەیان كردووە و موچەی پێشمەرگە دەبێت ڕاستەوخۆ بدرێتە پێشمەرگە نەك لایەنێك بیخوات، دەبێت پێشمەرگە جیا بكەینەوە لە ململانێی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوە پارتییە كە نایەوێت پێشمەرگە خاوەنی موچەی خۆی بێت و پێشمەرگە لەوە گەورەترە پارتێك خۆی بەخاوەنی بزانێت".

 

 

 

 

س ب