سەبارەت بە بڵاوبونەوەی وێنەی کچە سوتاوەکە، پۆلیسی سۆران رونكردنەوە دەدات

24/12/2016 - 14:15 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

پۆلیسی سۆران لەسەر وێنەی ئەو کچەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە و گوایە لەلایەن كەس و كارەكەیەوە سوتێندراوە، ڕونکردنەوە دەدات.

نەقیب ھاوار ئەرگوشی وتەبێژی پۆلیسی قەزای سۆران ڕاگەیاند: کاتژمێر ١ی شەوی ١٦ی ئەم مانگە، لەنەخۆشخانەی گشتی سۆران ئاگادارکراینەوە لەرووداوێکی سوتان، دوای گەیشتنی تیمەکانمان دەرکەوت کچێک بەناوی (س ن ع) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٥و پیشەی قوتابیە، لەگەڵ برایەکی کە لەدایکبووی ١٩٩٨ی دانیشتووی (بلێ)ن، بەھۆی ئاگرکەوتنەوە لەماڵەکەیان سوتاون.


وتەبێژی پۆلیسی قەزای سۆران وتیشی: کچەکە ٢٢ی ئەم مانگە بەھۆی زۆری ڕێژەی سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستداو براکەشی لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە، بەڵام بەھۆی زۆری ڕێژەی سوتاویەکەیانەوە نەتوانراوە وتەیان لێ وەربگیرێت، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییش دەرکەوتووە، ئاگرەکە بەھۆی بەنزینی مۆلیدەوە کەوتۆتەوە.
نەقیب ھاوار ئاماژەی بەوەشدا کە لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان نەھاتووەو بەردەوامن لە بەدواداچوونەکانیان لەسەر ئەو ڕووداوە.


سەبارەت بەبڵاوکردنەوەی چەند زانیاریەک لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، گوایە ئەو کچە قوتابی کۆلێژی ئیشقە لەھەولێرو لەلایەن کەسوکارەکەیەوە سوتێندراوە، وتەبێژەکەی پۆلیسی سۆران ڕەتیکردەوە، لەلێکۆڵینەوەکاندا زانیاری ئەوەیان بەدەست گەیشتبێت کە لەلایەن کەسی نزیکی خۆیانەوە سوتێندرابێت، داواشیکرد، ھەرکەسێک زانیاری لەلا ھەیە، ئاگاداریان بکاتەوە، ئێمە دەمانەوێت بگەینە ئەنجامی کۆتایی و وتەی ئەو کەسانەش وەردەگرین کە زانیاری لەسەر ڕووداوەکە ھەیە.

 

ش.م