كەركوك.. موچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دەگەڕێنرێتەوە

06/01/2017 - 17:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی عێراق بڕیاریدا بەپێكهێنانی لیژنەیەك بۆ گەڕانەوەی موچەی 10 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت و سودمەندبووانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە كەركوك، ئەمەش بە وتەی پەرلەمانتارێكی كورد.

بێستون زەنگەنە، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: "پاش ئاگاداركردنەوەمان لەبڕینی موچەی زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی كەمدەرامەت و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان و موچەی تۆری پاراستنی كۆمەڵایەتی، لەلایەن وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی عێراقەوە، پاش هەوڵ و ماندوبونێكی زۆرو دەیان پەیوەندی لەگەڵ ئەندازیار محمد شیاع سودانی بۆ گەرانەوەی موچەكانیان بە تایبەتی بۆ كەركوك، خوشبەختانە بڕیاردرا بە گەڕانەوەی موچەكانیان".

ڕاشیگەیاندووە: لەرۆژی یەكشەممەوە لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتەوە لەكەركوك، بە نوسراو داواكاریەكان وەردەگیردرێت بۆ گەڕانەوەی موچەكانیان.