ئه‌دهه‌م بارزانى: نه‌مانى پڕۆژه‌كان له‌ سلێمانى ته‌حسيڵ حاسڵى ره‌وشى سياسى شاره‌كه‌يه‌

06/01/2017 - 18:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، رايگه‌ياند، لاوازى و نه‌مانى خزمه‌تگوزارى له‌ شارى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى به‌ هۆى قه‌يرانه‌ سياسييه‌كانى شاره‌كه‌ و ململانێى نێوان لايه‌نه‌كانه‌ و شارێك كه‌ پرسى پارێزگارى روون نه‌بێت و كه‌س نه‌زانێت كێ پارێزگاره‌، بارودۆخى هه‌ر به‌و جۆره‌ ده‌بێت.

ئه‌دهه‌م بارزانى له‌ چاوپێكه‌وتنێكيدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركيا سه‌باره‌ت به‌ په‌يامه‌كه‌ى مەسعود بارزانی له‌ باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى قه‌يرانى سياسى هه‌رێمه‌وه‌ گوتى: "پاش تەواوبوونی شەڕ لە دەڤەری دەشتی نەینەوا بەتایبەتی گرتنەوەی باشیك لەو شوێنەدا جەنابی سەرۆك هاتە سەر خەت و لە گوتارێكدا داوای كرد لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە دەبێت ئێمە ئەم قەیرانە سیاسییە کە لە كوردستان هەیە نەهێڵین و بەرەو یەكڕیزی و تەبایی بڕۆین بۆ چارەسەركردنی بابەتە سیاسییەكانی ئەم بەشەی باشووری كوردستان و ئەنجامێكی باشی هەبوو كە لە پاش ئەو گوتارە كۆمەڵێك دانوستاندن لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەنجامدران، ئومێدەوارین ئەم دانیشتنانە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەردەوامی هەبێت تا گەیشتن بە ئامانجەكان كە بۆی دەچن".

ئه‌دهه‌م بارزانى باسى له‌ ره‌وشى به‌ڕێوه‌چوونى دانووستانه‌كان كرد به‌ تايبه‌تى پارتى و گۆڕان و گوتى: "ئاماژەكان هەموو ئەوەبوون كە لەم دانیشتنەدا تاڕادەیەكی زۆر جیاوازییەك هەبوو لەگەڵ دانیشتنەكان و باسەكانی پێش ئێستا كە لەگەڵ یەكتر دەكران، وەڵامدانەوەیەك هەبووە لەهەردوولا لەگەڵ یەكتر بۆ چارەسەركردن و ئامادەییەك هەبووە بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتانە".

سەبارەت بەهۆكاری پەراوێزكەوتنی سلێمانی و كەمبوونەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە، ئه‌دهه‌م بارزانى لایەنە سیاسییەكانی شارەكە بەهۆكار دەزانێت و دەڵێت: "پێم وانییە هۆكارەكە حكوومەتی هەرێم بێت، ئەوە تەحسیڵ حاسڵی وەزعی سیاسی شاری سلێمانییە، نامەوێت نەكەسێك تۆمەتبار بكەم یان لە بەكارهێنانی ئەم وشەیە جۆرێك لە بێڕێزی سیاسیم كردبێت نسبەت بەكاری ئێرە، بەڵام ئەوەی كە هەیە و من پێم وایە هەر كەسێكی سادە یان گەنجێك لە شەقامێكی سلێمانی لێی بپرسیت بۆ دۆخی ئیداری ئێرە وایە لەوانەیە ئەو وەڵامە بداتەوە".

هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمە بینیمان لەسەر بوونی پارێزگارێك لەم شارەدا ناوی سێ‌ و چوار كەس دەهێنرا، كێ‌ پارێزگارە نەمدەزانی لە ماوەیەكدا ناوی پارێزگاری سلێمانی كێیە و كامیان پارێزگاری ئەم شارەن".

روونيشيكرده‌وه‌، "كاتێك دۆخی ئیداری شارێك دەگاتە ئەم ئاستە ئایا چ پێشبینی دەكرێت؟ ئەوەی كە نەزانێت خۆی پارێزگارە، ئەوەی كە پارێزگار بێت و نەزانێت چەند ماوەی تر لەسەر ئەم كورسی دەسەڵات وەك پارێزگار دەمێنێتەوە، ئەوەی كە پارێزگارە و كاتێك دادەنرێت و لە ئێوارە تا بەیانی بڕیارێكی تر دەدرێت و كەسێكی تر دەخرێتە شوێنی، یانی كەسێك بەم شێوەیە ناتوانێت ئەركەكانی خۆی بەڕێوەببات و بەرنامەی هەبێت بۆ داهاتوو، هەندێكجار وای لێهات نامەیەك لەم پارێزگایەوە دەنووسرا بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئیعتیراف بەنامەکە نەدەكرا لەبەر ئەوەی دەیانگوت ئەم نامەیە بەئیمزای فڵانە و بەشێوەیەكی نایاسایی نامەی نووسیوە، هەموو كەس دەزانێت كێشەكانی ئێرە چی بوون".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى لاوازى خزمه‌تگوزارييه‌كان له‌ سلێمانى، ئه‌دهه‌م بارزانى سه‌رنجى بۆ ئه‌وه‌ راكێشا، "هەروەها پێش ئێستاش ئەم قەیرانانەی سیاسی كەلەم سنوورەدا هەبوون كاریگەری كردووەتە سەربژێوی خەڵك و ژیانی خەڵك و كەمبوونی بابەتە خزمەتگوزارییەكان لە سنوورەكەدا، من زیاتر ململانێ‌ سیاسییەكەی ئەم سنوورە بەهۆكار دەبینم لەسەر نەبوونی كاری خزمەتگوزاری لەم سنوورەدا".

ئه‌دهه‌م بارزانى لە بارەی سەردانی داهاتووی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها دۆخی شارە كوردییەكانی توركیاوە گوتی: "هیوادارین بەهاتنی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ بەغدا و هەرێمی كوردستان و هەموومانیش پێكەوە بتوانین چارەسەرێك بۆ بارودۆخی ئێستای كورد بدۆزینەوە. لە باكووری كوردستان هەڵەیەكی گەورە كرا كە شەڕ كەوتە ناو شارەكان و وێرانییەكی تەواو لە شارەكان پەیدابوو، بەهیچ شێوەیەك دروست نییە تۆ شەڕ بخەیتە ناو ئەرز و عەیالدا و ناوجەرگەی شاردا كە شوێنی ژیانە. ئەگەر شەڕیش هەبێت كە تا دوێنێ‌ شەڕ لە چیاكان و لەو شوێنە عەسكەریانەبوو، بەڵام ئەو شەڕەی لە پارساڵ و ئەم دواییە لە باكووری كوردستان كرا كاریگەرییەكی خراپ و گورزێكی گەورەی لە پێگەی كورد داوە، هەروەها لە پێگەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كورد داوە و ئێستا چەندین شار لە باكووری كوردستان وێرانن و خەڵكەكەی ئاوارەبوون و ژیان نەماوە و شوێنەكانی ئابووری و پێگەكانی ئابووری لەناوچووە و خەڵك لە ژیانێكی خراپدا دەژین".

گوتیشی: "ئومێدەوارین ئەو سەردانەی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لە چوارچێوەی چارەسەركردنی ئەم بابەتانەدا بێت، هەوڵێكی زۆردرا لەلایەن توركیاوە كە هەندێك لەو هەوڵانە دەبێت بەرز بنرخێنرێت كە باسی كێشەی كورد كراو هەنگاو نرا، دەزانین دۆخێكی تایبەتی لە توركیا و باكووری كوردستان هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی ئاشتی دەبێت لەسەرەوەی هەموو دەنگەكانی ترەوە بێت، ئێستا دنیا پێویستی بەسیستمێكی نوێ‌ هەیە و شەڕوكوشتن بێ‌ مانا بووە، ئومێدەوارین سەردانەكە ببێتە هەنگاوێكی باش و لە رووی ئابووریشەوە هاوكارییەكی زیاتر لەنێوان كوردستان و توركیا بێتە ئاراوە".

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ.