پەرلەمانتارێك : دەبێت جێگری سەرۆكی حكومەت قسەیەكی جدی هەبێت لەسەر داڕوخانی سلێمانی

05/02/2017 - 19:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

دوایئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت شەقامی 120 یان لەشاری هەولێر كردەوە، لەوبارەیەوە پەرلەمانتارێكی گۆڕان نامەیەك ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات.


عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لەبەشێكی نامەكەیدا بۆ قوباد تاڵەبانی رایگەیاندوە، چەندین نەفەق و بەرزە پردی هەولێر تەواو بو، سلێمانیش سێ پردو بەرزە پردی هەیە وەستاوە، شەقامی 120 مەتری هەولێر تەواو بوو، سلێمانیش دەستینەكردوە بە شەقامی 100 مەتری، بودجەی مانگانەی دۆخی لەناكاوی پارێزگاری هەولێر 200 ملیۆن دینارەو سلێمانیش 25 ملیۆن.


عەلی حەمە ساڵح راشیگەیاندوە: هەرچەندە دڵخۆشم لەنێو ئەو هەموو گەندەڵی و دزییەی لەكوردستاندا هەیە ئەمڕۆ شەقامی 120 مەتری كە شەقامێكی مۆدێرنەو چەندین پردو بەرزە پردی تێدایە، كرایەوە، بەڵام شەقامی 100 مەتری سلێمانی ساڵانێكە وەستێنراوەو كاری تێدا ناكرێت، سلێمانی لەبەردەم داڕوخانێكی گەورەدایە، هیچ حزب و بەرپرسێك قسەیەكی جدی نییە بۆ ئەم زوڵمەی لێی دەكرێت، بەڵام زۆرێك بۆ داگیركردنی زەوی و گەندەڵی لەداهات و خەرجی سلێمانی و قۆرخكاری لەبازاڕی سلێمانیدا ئازان، كێ خۆی بەخاوەنی دەزانێت؟، دەبێت جێگری سەرۆكی حكومەت قسەیەكی جدی هەبێت لەسەر داڕوخانی سلێمانی، دەبێت گۆڕان كە زۆرینەی خەڵكی ئەم پارێزگایەی لەگەڵە قسەیەكی جدی هەبێت.