هه‌ولێر.. چوار چه‌كدار هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر چه‌ند كرێكارێكی‌ به‌نگلادیشی‌ و پاره‌كانیان ده‌به‌ن

05/02/2017 - 20:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

‌چه‌ند چه‌كدارێكی‌ نه‌ناسراو له‌ شاری‌ هه‌ولێر هه‌ڵ ده‌كوتنه‌ سه‌ر شوێنی‌ مانه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك كرێكاری بیانی‌ و بڕی شه‌ش هه‌زار دۆلاریان لێ‌ وه‌رده‌گرن.

په‌یامنێری‌ كورديو له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند، ده‌رنگانێكی‌ شه‌وی‌ رابردوو، چوار چه‌كداری‌ ده‌مامكدار كه‌ خۆیان به‌ ئاسایش ناساندوه‌ و به‌ بیانووی‌ گه‌ڕان و پشكنین هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك كرێكاری‌ به‌نگلادیشی‌ كه‌ له‌ ناو باڵه‌خانه‌یه‌كی‌ گه‌ڕه‌كی‌ سێتاقانی‌ هه‌ولێر نیشته‌جێ بوون و بڕی‌ شه‌ش هه‌زار دۆلاریان لێوه‌رگرتوون.

كرێكاره‌ به‌نگلادیشییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه‌ كاتێك چه‌كداره‌كان هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ریان داوای‌ ناسنامه‌یان لێكردون، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانن سه‌ر به‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایشن یان نا به‌ڵام چه‌كداره‌كان هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌ریان و میلی‌ چه‌كیان لێهێناونه‌ته‌وه‌و دواتر پاره‌كانیان لێسه‌ندوون.