پارتی ڕەزامەندی نواندووە بە گۆڕینی یوسف محمد بە كەسێكی تری گۆڕان

11/02/2017 - 14:15 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

پارتی دیموكرات لە ڕێگەی یەكێتیەوە ئەوەی ڕاگەیاندووە كە دوا بڕیاریان داوە بەوەی نابێت چیتر یوسف محمد ببێتەوە بە سەرۆكی پەرلەمان و ڕەزامەندن بەوەی بگۆڕدرێت بە كەسێكی تری گۆڕان.


بە گوێرەی گۆڤاری شار " لەدوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بەو ئەنجامە گەیشتوون، كە پەیامێك بنیرن بۆ یەكێتی‌و لەو پەیامەدا دوا بۆچوونی خۆیان دەربارەی رێككەوتن لەسەر پرسە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان بخەنەڕوو".


هەورەك نوسراوە " پارتی داواشی لەیەكێتی كردووە لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە 11/2/2017 مەكتەبی سیاسی ئەوانیش دواین بڕیاری خۆیان لەو بارەوە بدەن، بەتایبەتی پرسی كاراركردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و بۆ یەكێتی خواستی ئەوەی نیشانداوە، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەدەنەوە بەگۆڕان، بەو مەرجەی گۆڕان یوسف محەمەد لابەرێت‌و كەسێكی تر بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات".