مەلا بەختیار ناوەڕۆكی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرا دەكات

11/02/2017 - 15:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

كوردیو - هەولێر

ئەمرۆ شەممە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی ئەو حزبەو بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، لە ماڵی مام جەلال لە دەباشان كۆبونەوەی ئەنجامدا .

بەپێی ڕاگەیەندراوی میدیاكانی یەكێتی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی وتویەتی: كۆبونەوەكە زۆر سەركەوتو بوەو مژدەی زۆر خۆشی بۆ هاووڵاتیان و یەكێتییەكان پێ دەبێت .

وتویەتیشی: كۆبونەوەكە سەبارەت بەگۆڕانكارییەكان و ئەو نیگەرانی و پرسیارە وەڵام نەدراوەكان بو، بۆیە سەرەتا ئێمە وەك مەكتەبی سیاسی چوینە حزوری مام جەلال ئەوەمان بۆ دوپاتكردەوە كە هەر رێبەرو سایەی سەرمانەو ئەوەی بنیاتی ناوە كە یەكێتی لە عیراق و كوردستان و لەناوچەكەو ناو یەكێتیش دەبێت چارەسەری كێشەكانی بكات، هەروەها ئەوەمان بۆ رونكردەوە كە تائێستا سەرەڕای كێشەو گرفتەكان هەر بەشێك دەبێت لەچارەسەر بۆیە كۆبونەوەكان لەو پێناوەدایە كە نەخشە رێگایەك هەبێت وردتر بێت و بەشداری بكات لە گەڵاڵەكردنی هەر چارەسەرێك كە لە خزمەتی چارەسەركردنی كێشەكانی كورددا بێت.

ئاماژەی بەوەش كردووە: كۆبونەوەی ئەمڕۆمان بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەركەوتو بو دەردەدڵی یەكترمان هەڵڕشت و پێداگیری تەواومانكرد لەسەرئەوەی دەبێت لەمەودوا كۆبونەوەكان بەردەوام بێت، بۆیە جارێكی تر مەكتەبی سیاسی رۆژی پێنجشەممە كۆدەبێتەوە، هەروەها ئەو نەخشە رێگایەی كە هەمانە بۆ یەكەمینجار بەسەر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و دواتریش سەركردایەتیدا دابەشیدەكەین .

لە كۆتاییشدا وتویەتی: لەهەفتەی ئاییندەش رۆژی كۆبونەوەی سەركردایەتی دیاری دەكەین و دوای ئەوە دەستدەكەیەنەوە بە كۆبونەوەكانمان لەگەڵ پارتی .

 

م-ع-ك