لەبارەی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان ئەوقاف رونكردنەوە دەدات

11/02/2017 - 17:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

لەبارەی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان كە لەلایەن چەند مامۆستایەكی ئاینییەوە دیاریكرا، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕونکردنەوە دەدات.

دوای ئەوەی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان لەلایەن چەند مامۆستایەکی ئایینیەوە بەگوێرەی ساڵنامەی کۆچی ٢٦ی ئایاری ٢٠١٧ راگەیەندرا، مەریوان نەقشەبەندی بەرپرسی پەیوەندیەکان و پێکەوەژیانی ئایینی لەوەزارەتی ئەوقاف ڕەتیکردەوە ئەوقاف ھیچ ساڵنامەیەکی دەرکردبێت و دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بەگوێرەی چاودێریکردنی مانگ دەبێت، كە لە ھەموو وڵاتانی جیھان ئەم ڕێگەیە بۆ دیارکردنی مانگی ڕەمەزان و جەژنەکانیش بەکاردەھێنرێن.


مەریوان نەقشەبەندی وتیشی: ساڵانە مانگی ڕەمەزان بەگوێرەی ساڵنامەی کۆچی، ١٠ ڕۆژ دێتە پێش، بۆیە ئەمساڵیش ٢٥ یان ٢٦ی ئایار دەبێتە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، بەڵام بۆ دیاریکردنی ڕۆژەکە پێویستە لیژنەی پسپۆر چاودێری مانگ بکات، ھەرکاتیش مانگیان بینی، ڕۆژی یەکەمی ڕەمەزان لەنێوان ئەم دوو ڕۆژە دیاریدەکرێت.


سەبارەت بەبڵاوکردنەوەی ساڵنامەی کۆچی، مەریوان نەقشەبەندی بۆ SNN ئاشكرایكرد ساڵانە چەند کۆمپانیایەکی بازرگانی یەکێتیی زانایان ساڵنامەی کۆچی بڵاودەکەنەوە، بەڵام زۆرجار ساڵنامەی کۆچی، گۆڕانکاریی بەسەردادێت و وەک خۆی ڕاست دەرناچن.

ش.م