ئەو فەرمانبەرانەی سیستمی پاشەكەوتی موچەیان لەسەرلادەبرێت، ئاشكرا دەكرێت

دوو شەممە, 20 شوبات 2017 09:17

 

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێم دەیەوێت سیستمی پاشەكەوتی موچەی ئەو فەرمانبەرانە هەڵ بوەشێنێتەوە كە موچەكانیان لە 500 هەزار دینار كەمترە.

 

مەدینە شەرنەخی ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری له ‌پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاند:" حكوومەتی هەرێمی كوردستان وا خەریكی كاركردنە لە سیستمی‌ كەمكردنەوەی رێژەی پاشەكەوت لە مووچەی فەرمانبەراندا، بەڵام تا ئێستا كەمكردنەوە رێژەی پاشەكەوت بە تەواوەتی دیاری نەكراوە، چونكە حكوومەت دەیەوێ بەپێی ئەو داهاتەی دێتە بەردەستی، پێداچوونەوە بە رێژەی پاشەكەوتدا بكات، واتا‌ چەندی پارەی هەیە دابەشی دەكات بەسەر فەرمانبەرانیدا."

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد:" ئەو فەرمانبەرانەی مووچەكانیان كەمە، بۆنموونە ئەوانەی مووچەكانیان 400 هەزار بێت یان 500 هەزار، حكوومەت دەیەوێ وەك خۆی بێت، بەڵام ئەوانەی مووچەكانیان لە‌سەرووی 500 هەزارەوەیه،‌ دەستكاری دەكرێت و بەپێی زۆریی مووچەكە پاشەكەوتی لێ دەكرێت، بەتایبەتی پلە باڵاكان، رێژەیەكی كەمی پاشەكەوتی لێی كەم دەكرێتەوە.

 

مەدینە شەرنەخی وتیشی:" حكوومەت پلانی دووەمی هەیە بۆ كەمكردنەوەی مووچە، ئەویش دوای نەمانی پاشەكەوت، هەڵبەت بەگوێرەی بازاڕ پێداچوونەوە بە مووچەی فەرماندا دەكرێت، هەر كاتێكیش رەوشی هەرێمی كوردستان ئاسایی بێتەوه،‌ پێداچوونەوە بۆ مووچە دەكرێت، بەتایبەتی ئەوانەی مووچەكانیان بەرزه،‌ رێژەكەی كەم دەكرێتەوە و بەشێوەیەك هاوسەنگی هەبێت لە پێدانی مووچەدا، بەمەرجێك لەگەڵ بازاڕی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان بگونجێ."

 

 

 

س ب