موچەی کەسوکاری شەھیدان پێشدەخرێت

یەک شەممە, 26 شوبات 2017 06:28

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان رایدەگەیەنێت: سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنیداوە لەگەڵ تەواوبوونی سیستمی بایۆمەتریی، موچەی کەسوکاری شەھیدان پێشبخرێت و لەدوای وەزارەتی پێشمەرگەوە بدرێت.
فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی سلێمانی راگەیاند: پشتبەستوو بەو داواکارییانەی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان لەبەردەم مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسلێمانی بەرزیانکردەوە، لەڕێگەی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان داوا لەحکومەتی ھەرێم کرا، چیتر موچەی کەسوکاری شەھیدان دوانەکەوێت.

وتیشی: "وەزارەتی شەھیدان نووسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووەو تێیدا داوامان کردووە موچەی کەسوکاری شەھیدان مانگانە لەگەڵ موچەی فەرمانبەراندا بدرێت و ریزبەندییەکەشی پێشبخرێت و لەدوای وەزارەتی پێشمەرگەوە بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد کە وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بەڵێًنی زارەکی لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەرگرتووە، چیتر موچەی کەسوکاری شەھیدان دوانەکەوێت و مانگانە لەگەڵ موچەی فەرمانبەران بدرێت".

ئاشکراشیکرد سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەوەزیری شەھیدانیان وتوە، پێشخستنی موچەی شەھیدان و دوانەکەوتنی موچەکانیان، لەگەڵ تەواو بوونی سیستمی بایۆمەتری موچەدا جێبەجێدەکرێت.

سەبارەت بەموچە نەدراوەکانی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان کە چوار موچەی ساڵی ٢٠١٦یان پێنەدراوە، فوئاد عوسمان رایگەیاند: ھیچ زانیارییەکمان لەوبارەیەوە نییە، بەڵام لەساڵی ٢٠١٦دا ھیچ موچەیەکی فەرمانبەران پاشەکەوت نەکراوەو ھیوادارین موچەی کەسوکاری سەربەزی شەھیدانیش بدرێت.


ر.ع