پێشبینی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان پێكەوە دەكرێت

01/03/2017 - 11:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: قورسە لە ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش ئەنجامبدرێت و ئەگەری هەیە بۆ ساڵی 2018 دوابخرێت.



رێزان شێخ دلێر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند:" ئێستا لەهەرێمی كوردستان كێشە هەیە و خۆی لە بنەمادا پەرلەمان كارەكانی راگیراوە، ئایا كەی دەست دەكاتەوە بەكاركردن؟ ئەمە دیار نییە، كەی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم و كێشە یاساییەكانی دیكە چارەسەر دەكرێن؟، بۆیە لە ئێستادا قورسە لە هەرێمی كوردستان باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكرێت، چونكە لە ئێستادا ئێمە ئابوورییمان خراپە و كێشەی سیاسیی و یاساییمان هەیە، بۆیە پێشبینی ناكەم بەمشێوەیە و خەڵك لەم بارودۆخە خراپەیدا ئامادە بێت بۆ هەڵبژاردن".

 

سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی عێراق ووتی:" ئەگەر باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە عێراقیش بكەین، ئەوا بەهەمان شێوە كێشەی زۆرمان لەپێشدا هەن لەوانە هێشتا لە هەندێك ناوچەی وەكو مووسڵ و حەویجە و شوێنی تر بەتەواوەتی رزگارنەكراونەتەوە، هەروەها چەندین ناوچە و پارێزگای دیكە وەكو پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەددین شوێن و ناوچەی دیكەش كە خەڵك نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان و لە شوێنی دیكە ئاوارەن، ئەمە لەم پارێزگایانە زەحمەتە هەڵبژاردن بكرێت، سەرباری ئەوانەش تا ئێستا بڕیار لەسەرئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركووكیش نەدراوە كە 13 ساڵە هەڵبژاردنی تێدا نەكراوە، بۆیە پێویستی بەڕەخساندنی كەشێكە لەباربێت بۆ هەڵبژاردن".

 

رێزان شێخ دلێر وتیشی:" ئێمە كێشەمان لە یاسای هەڵبژاردنی عێراقدا هەیە، یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن كێشەی تێدایە، كێشەمان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش هەیە كە ئەندامەكانی لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ كۆتایی بەماوەی كاركردنییان دێت و ئێستا لێژنە دروستكراوە بۆ دیاریكردنی ئەندامی نوێ بۆ ئەو كۆمیسیۆنە، هەروەها چەند پڕۆژە یاسایەك هەن بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و پڕۆژەش هەیە بۆ پەسەندكردنی یاسای نوێ، بۆیە بەبۆچوونی من ئەمانە هەمووی كێشەن و وا دەكات بڵێین ئێمە لە عێراقدا هێشتا لەبار نیین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە مانگی ئەیلوول ئەنجام بدرێت، بۆیە پێشبینی دەكەن هەردوو هەڵبژاردنەكە، واتە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاكانیش دوابخرێن و لە ساڵی 2018 ئەنجام بدرێن".

 

 

س ب