پارتی: هەر كوردێك بچێتە ناو حەشدی شەعبیەوە، دەستگیر دەكرێت

01/03/2017 - 11:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ڕایدەگەیەنێت:" هەر هێزێك بەناوێكی دیكە جگە لە ھێزی پێشمەرگە لە ھەرێمی كوردستان درووست ببێت بێگومان بەخۆفرۆش و چەتە ناویان دەهێنین و جێگایان لە ھەرێمی كوردستاندا نابێتەوە".

 

عەلی عەونی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بە ئاژانسی ئانادۆڵی ڕاگەیاند: " حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان ھێزی نایاسایی لە ھەرێم قبووڵ ناكات و ھەر كوردێكیش بیەوێت جلوبەرگی حەشدی شەعبی بپۆشێت جێگای لە ھەرێم نابێتەوە".

 

هەروەها وتیشی:" ئەو قۆناغەش بەسەرچووە كە جارێكی دیكە ھێزێكی كوردی وەك جاش بەرەوڕووی ھەرێمی كوردستان ببێتەوە".

 

ھەروەها وتیشی:"حەشدی شەعبی دەمێكە دژایەتی خۆی لە بەرامبەر خەڵكی ھەرێمی كوردستان نیشانداوە".



عەلی عەونی ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە گوایە چەند پێشمەرگەیەك چووبنە ناو چەكدارانی حەشدی شەعبی و رایگەیاند:" ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە، تەنها ئەوەی بیستوومانە ئەو كەسانەن كە بەبیانووی بێكاری و هەژارییەوە خۆیان ناونووس كردووە بۆ ناو حەشد، بەڵام بەبیانووی بێكارییەوە ناكرێت تۆ بچی دژایەتی خاك و نەتەوە و وڵاتپارێزان بكەیت، چونكە حەشدی شەعبی دژی ھەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەگەر ئەم كەسانە لەسەر خاكی ھەرێمی كوردستان ئەم كارە بكەن قبووڵ ناكەین و دەستگیریان دەكەین، چونكە بەپێی یاساش بێت جگە لە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ھیچ ھێزێكی دیكە لە ھەرێم جێگای نابێتەوە".



سەبارەت بەوەی كە ئایا حەشدی شەعبی گۆچانێك بێت بەدەست كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، عەلی عەونی وتی:" عێراق بەشێویەكی گشتی لە لایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت، سیادەی نەماوە، ئەگەر حەشدی شەعبی یەكسان نەبێت بەئێران، بەڵام ئێران دەتوانێت حەشد كۆنتڕۆل بكات، واتا بڕیاریان پێ دەربكات، یان بڕیارەكانیان رەتبكاتەوە، ئێمە گلەییمان لە كۆماری ئیسلامی ئێرانیش ھەیە، چونكە عێراقیان بەدەستەوەیە لە كاتێكدا بوودجەی ھەرێمیان بڕی، پشكی پێشمەرگەیان نەدا، ھاوكاریی ھەرێمیان نەكرد و دەستووریان جێبەجێ نەكرد، بۆیە گازندەمان لە ئێران ھەیە، چونكە ئەوان دەیانتوانی داوا لە بەغدا بكەن بەشی ھەرێمی كوردستان بنێرن و كێشەكان چارەسەر ببن".

 

 

س ب