گه‌نده‌ڵیه‌كی سه‌یر له‌كونسوڵخانه‌ی ئیتاڵیا له‌هه‌ولێر ئاشكراده‌بێت

01/03/2017 - 12:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەهۆی بونی چەند راپۆرتێك سەبارەت بەفڕۆشتنی ڤیزەی ئیتاڵیا بەنزیكەی 10 هەزار یۆرۆ بەشێوەیەكی نایاسایی، وڵاتی ئیتاڵیا سەرۆكی بەشی پێدانی ڤیزەی لەكونسوڵخانەی ئیتاڵیا لەشاری هەولێر، لەكارەكەی دورخستەوە.

لەراگەیەندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا رایگه‌یاندووه‌: بەهۆی بونی چەند راپۆرتێك لەبارەی فڕۆشتنی ڤیزەی ئیتاڵیا بەهەزاران یۆرۆ بەتایبەت بەچەند كەسێك كە بەهۆكاری ئەمنی لەوڵاتانی تر ڤیزەیان پێنەبەخشراوە، سەرۆكی بەشی پێدانی ڤیزەی لەكونسوڵخانەی ئیتاڵیا لەشاری هەولێر لابرد.


لەراگەیەندراوه‌كه‌دا وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا جەخت لەسەر ئەوە ده‌كاته‌وه‌ كەئەو لیژنەیەی راسپێردرابون بەلێكۆڵینەوە لەپێدانی ڤیزە بەشێوەیەكی نایاسایی لەكونسڵخانەی ئیتاڵیا لەشاری هەولێر، چەندین كاری نایاساییان لەكۆنوسی لێكۆڵینەوەكانیان تۆماركردوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە :وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا راپۆرتی لیژنەكەی لەبارەی سەرپێچییەكانەوە رەوانەی داواكاری گشتی لەرۆما كردوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی فڕۆشتنی ڤیزەی ئیتاڵیاوە ئەنجامبدرێت‌و ئەوانیش بەڵێنیان داوە لێپێچینەوەی ئیداری دژی ئەو كەسانە جێبەجێ بكەن كە بەو كارە هەستاون.
پێشتریش رۆژنامەی (مورییری دیلا سیرا)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە كە نزیكەی 152 كەس بەشێوەی نایاسایی ڤیزەی ئیتاڵیایان كڕیوە‌و هەر یەكەیان نزیكەی 10 هەزار یۆرۆیان داوەتە ڤیزەی ئیتاڵیا لەكونسڵخانەی ئیتاڵیا لەهەولێر، بۆ ئەوەی بچنە ناوچەی شنگن، ئەمە لەكاتێكدا تێچوی هەر ڤیزەیەك تەنها 90 یۆرۆیە.
بەپێی رۆژنامەكەش كە لەسەرچاوە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەستی كەوتوە زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی كە ڤیزەی ئیتاڵیایان بەشێوەیەكی نایاسایی بەدەستهێناوە دانیشتوانی نێوخۆی كوردستانن ‌و ژمارەیەكیان عەرەبی عێراقین‌و هەندێكیشیان ئاوارەی سوری بون‌و لەو كەسانە بون كە بەهۆكاری ئەمنی داواكاریی گەشتەكانیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا رەتكرابۆوە.

 

 

هونه‌ر بانه‌گولانی