قوباد تاڵەبانی: پاشەکەوتی مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان لادەبرێت

01/03/2017 - 12:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

جێگری سەرۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لەمەودوا مووچەی وارسی شەھیدان لەوادەی خۆیدا و بەبێ ھیچ پاشەکەوتێک دەدرێت".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومه‌تی هەرێم لە لاپه‌ره‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فەیسبووک  چەند بڕیارێکی لەبارەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی راگەیاند.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات : لەمەودوا مووچەی وارسی شەھیدان لەوادەی خۆیدا و بەبێ ھیچ پاشەکەوتێک دەدرێت. دابینکردنی زەوی بۆکەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی کە تاوەکو ئێستا سودمەند نەبوون".

رۆژی سێشەممە 28-2-2017 قوباد تاڵەبانی سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كەسوکاری بەشێك لە شەهیدان ‌و ئەنفالكراوانی گەرمیان  لە قەزای كفری، بەڵێنیداوە لەمەودوا مووچەی وارسی شەهیدان ‌و ئەنفالكراوان لەكاتی خۆیدا ‌و مانگانە بەبێ‌ پاشەكەوت دابەشبكرێت.

سەمیر هەورامی، سكرتێری رۆژنامەڤانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاندوه‌ هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ وارسی بەشێك لە شەهیدان ‌و ئەنفالكراوان، تاله‌بانی بەڵێنیدا کار بۆ ئەوەش بكات، كە وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینە جۆراجۆرەكان وەك خانووبەرە ‌و هاوسەرگیری ‌و پێشینەكانی دیكە، وارسی شەهیدان نەگرێتەوە. 

شایانی باسه‌ لەدوای دروستبوونی قەیرانی داراییه‌وه‌ مووچەی وارسی شەهیدان ‌و كەسوكاری ئەنفالكراوان، لەكاتی خۆیدا دابەش نەكراوە ‌و هەندێ‌ جار بە شه‌ست رۆژ جارێك مووچەی مانێگێکیان پێدەدرا.

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی