نەجمەدین كەریم: ئاڵای كوردستان هی پێكهاتەكانی تریشە

دوو شەممە, 20 ئازار 2017 05:34

 نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك رایگەیاند: ئاڵای كوردستان لە توركیا هەڵدەكرێت بۆ دەبێت لەشاری كەركوك بەرزنەكرێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێكی پارێزگای كەركوك، رۆژی یەكشەممە 19-3 نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك و ئاسۆ مامەند لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی یەكێتی و ژمارەیەك لەكادیرانی یەكێتی كۆبونەوە.
بەپێی راگەیەنراوەكە ئاسۆ مامەند پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەكانی ئیدارەی كەركوك دەربڕی بەتایبەتی لەدۆسێی نەوت و شایستەكانی هاووڵاتیانی شارەكە لەبنیاتنانی پاڵاوگەیەكی نوێ و فراوانكردنی پاڵاوگە كۆنەكە.
پاشان پارێزگاری كەركوك لە پرێس كۆنفرانسێكدا سەبارەت بە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان وتی: شاری كەركوك لەناوچە جێناكۆكەكانە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان شانبەشانی ئاڵای عیراق دەبێت، ئاڵای كوردستان لەچەندین وڵات و ناوچە لەنێویاندا شارەكانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرەدا بەرز كراوەتەوە ئیتر بۆ دەبێت لەشاری كەركوك كە هێزی پێشمەرگە تا ئەم ساتەش بە خوێن دەیپارێزێت و قوربانی بۆ دەدات بەرز نەكرێتەوە، ئەو ئاڵایە نەك تەنها ئاڵای كوردە، بەڵكو ئاڵای پێكهاتەكانی تریشە وەك توركمان و عەرەب و كلدو ئاشوری.