"ئەوانەی پێوەندییان بەحەشدەوە كردووە هەستی نەتەوایەتییان لاوازەو دوای پارە كەوتوون"

دوو شەممە, 20 ئازار 2017 06:07

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایدەگەیەنێت، هەر كوردێك مسقاڵیك هۆشی هەبێت، بەهیچ بیانووێك ڕوو لەحەشدی شەعبی ناكات. ئەگەر ئەم ناونووسكردنە بۆ دژی كورد بەكار بهێندریت، ئەوا دەكەوێتە خانەی خیانەت و لە خیانەتیش گەورەترەوە.

شێخ جەعفەر  مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و فەرماندەی هێزەكانی 70 بەسایتی رەسمی پارتی  راگەیاند، ئەو قەیرانە ئابوورییەی ڕووی لەهەرێم كردووەو نەبوونی كار، بووەتە هەلێك تاحەشدی شەعبی بیقۆزێتەوەو گەنجانی كورد ببەنە نێو ڕیزەكانیانەوە، ئەوانەی تا ئێستا پێوەندییان بەحەشدەوە كردووە، هەستی نەتەوایەتییان لاوازەو دوای پارە كەوتوون.

ناوبراو وتویه‌تیشی : پێویستە دوژمنان ئەم ڕاستییە بزانن، بەدرێژاییی مێژوو هەر كاتێك هەڕەشەیەك بۆ سەر كوردستان گەورە بووبێتەوە، كورد بەگشتی ڕوبەڕوی بوونەتەوەو ڕیزەكانی دوژمن چۆڵكراوە.


ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: پەلكێشكردنی گەنجانی كورد بۆ نێو ڕیزەكانی حەشد پیلانە، چونكە ڕكابەرییەكی سیاسیی زۆر گەورە لەعێراقدا هەیە، چەندین جۆر حەشدی شەعبی هەیە. بەشێكی سەر بەمەرجەعییەت‌و وەزارەتی دیفاعە، هەشیانە سەر بەلایەن‌و گروپی ترن. هەریەكەی بیرو باوەڕو پلانێكی هەیەو جێبەجێی دەكات، بەڵام هەموویان لەئاست كوردو دەستكەوتەكانی كورد كۆدەنگن.

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی