لەدوای بایۆمەتری ھەر فەرمانبەرو مووچەخۆرێك بۆ وەرگرتنی مووچە ژمارەیەكی پێدەدرێت

هەینی, 31 ئازار 2017 12:32

بەرپرسێك لەئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم رایدەگەیەنێت، لەدوای بایۆمەترییەوە، ھەر فەرمانبەرو مووچەخۆرێك بۆ وەرگرتنی مووچە ژمارەیەكی پێدەدرێت، كە جیاوازە لەو باركۆدەی لەكاتی خۆتۆماركردندا پێیدراوە.

 
ھیوا ئەفەندی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆجیای زانیاری لەئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لەلێدوانێكدا بە تۆڕی سلێمانی راگەیاندووە، لەدوای تەواوبوونی تۆماری بایۆمەتری مووچە، داتایەكی ئەلیكترۆنی و مەلەفێكی ئەلیكترۆنی باش دروستدەكەین، بەشێوەیەك ھەر كەسێك ژمارەیەكی پێدەدرێت.


ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەگەر بمانەوێت ئەو ژمارەیە لەسەر كارتێك چاپ دەكەین یان ھەر ژمارەكە دەدرێت بەفەرمانبەرو ھەر كەسێك ژمارەكەی خۆی دەزانێت".


رونیشیكردەوە، ئەو ژمارەیەی دەدرێت بەفەرمانبەران، ئەو باركۆدە نییە كە لەكاتی خۆتۆماركردندا لەپێناسی باری شارستانیان دراوە، بەڵكو ژمارەیەكی دیكەیان پێدەدرێت.


جەختیشیكردەوە، "ئەو باركۆدەی بەفەرمانبەران و مووچەخۆران دراوە، لەسیستمەكە تۆماركراوە، ھەركاتێك فەرمانبەرێك ونی بكات، یەكە ژمێریارییەكان دەتوانن داوامان لێبكەن، جارێكی دیكە پێیان دەردێتەوە، بۆیە ونكردنی ئەو باركۆدە مانای ئەوە نییە، ئیتر مووچەی پێنادرێت".