هۆشیار عەبدوڵا وەڵامێكی توندی عەلی عەونی دەداتەوە

شەممە, 15 نیسان 2017 07:42

ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان هۆشیار عەبدوڵا وەڵامی عەلی عەونی دەداتەوەو دەڵێت " ئەگەر یەک شەلاتی هەبێت لە کوردستاندا ئەوە بێ شک تۆی".

 

هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەڵامی عەلی عەونی دەداتەوە لەسەر ئەوەی وتبووی " شەلاتی بەرگردەکەو بەردەرکی سەرا"، ئەو پەرلەمانتارە پێی دەڵێت" گەنجانی سەرا و گردەکە شەلاتی نین ،بەدەست تۆ و ئەمسالەکانی تۆوە ، گەنجی خێر لەخۆ نەدیوی ئەم نیشتیمانەن ، ئەگەر یەک شەلاتی هەبێت لە کوردستاندا ئەوە بێ شک تۆی ، تۆ لە خۆتەوە بۆ خەڵک ئەڕوانی ئەگەرنا مەعقولە بێ ئەوەی پەیوەندیکیان بە باسەکەوە هەبێت ، ئەڕشێتەوە بەسەر خەڵک و گەنجانی شاری سلێمانیدا" .


لەو وەڵامەدا هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت " بۆ نەگبەتی خەڵکی کوردستان خەڵکی وەکو عەلی عەونی کە لەناوخۆی حزبەکەی خۆشیا بە علی ال ... ناسراوە ، بونەتە بەرپرس و دەمسپی و قسە ئەکەن ، لە هەولێر پەلاماری فەرهاد پیرباڵ دراوە و لێیدراوە ، کەچی ئەو قاچ و قولی گەنجانی بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی و گردەکە ئەگرێ و پێیان ئەڵێ ، (شەلاتی)".

 

سەبارەت بەو داوایەی عەلی عەونی لە وەزیری خوێندنی باڵای دەکات و دەڵێت لەسەر دۆسیەی د. فەرهاد پیرباڵ دەست لەکاربکێشەوە، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت " جا خۆش ئەوەیە ئەو دەمهەڵەیە ئەڵێ((ئەگەر وەزیری خوێندی باڵا بومایە دەستم لە کار ئەکێشایەوە))، نەگبەت تۆ بڕۆ بۆ خەڵکی ڕون بکەرەوە چۆن لە کولیە وەرگیرایت و بۆچی بە هەشت ساڵ بەکالۆرێوست تەواوت کرد ، بە گریمانەش نە ئەبو ڕوت بێت باسی خوێندنی باڵا بکەی !".

 

لە کۆتایی پۆستەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت " وەک چۆن جورئەت ناکەی حەرفێک لەسەر دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر و ئەو دۆخی ئیرهاب و ترس و تۆقینە بکەی کەبەسەر ئەو شارەدا سەپاندوتانە ، و دێی پەلاماری گەنجانی سلێمانی ئەدەی ، لەهەر پلەوپۆستێکا بویتایە هەر ئەوەت لێ چاوەڕوان ئەکرا کە وتوتە ، چونکە تۆ ، هەر ئەوەندەی کە هەی" .