مەلا كرێكار بەڤیدیۆ لەسەر فەرهاد پیرباڵ دێتە دەنگ و مەلەفێكی زۆر هەستیار ئاشكرا دەكات

یەک شەممە, 16 نیسان 2017 14:01

 

 

مەلا كرێكار لەسەر لێدان لە فەرهاد پیرباڵ گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردۆتەوەو تێیدا هێرشێكی توند دەكاتە سەر یەكێتی و پارتی بەتایبەت لەسەر پەروەردەكردنی كەسانێكیان كە بۆ ئەشكەنجەو لێدانی هاوڵاتیان گەورەیان دەكەن و چەند نهێنیەكیش ئاشكرا دەكات .

مەلا كرێكار لە گرتە ڤیدیۆكە خەم و دڵتەنگی خۆی بۆ روداوەكە دەردەبڕێت و دەڵێت: ئاخیر دەرەجەی شەقاوەییە لەناو هەولێر كە دەیانەوێت بیكەن بەدوبەی كەچی لە نوسەرو مامۆستایەكی زانكۆ دەدەن لەكاتێكدا ریشی سپی بوەو كوردە .

مەلا كرێكار ئاشكرای دەكات رۆژێك دێت ناوی ئەوانە بڵاودەكاتەوە كە تایبەتن بە مەلەفی زیندانیەكانی پارتی و یەكێتی و دەڵێت: رۆژێك دێت سكاڵا لەسەر هەموویان تۆماردەكەین بەتایبەت ئەوانەی دێنە وڵاتانی ئەوروپا .

مەلا كرێكار دەڵێت: رۆژێك دێت ناوی چواری و مەلەفەكانی ئەوانە بڵاوبكەینەوە كە ئەشكەنجەو ئازاری هاوڵاتیانی كورد دەدەن كە ژمارەكەیان 1127 ناوە كە ژمارەی پەیوەندی و موچەكانیشیانمان لایە .

دەڵێت: ئەم بابەتە مافی خەڵكەو لە وڵاتانی ئەوروپا دەیوروژێنین و دادگا نێودەوڵەتیەكانی لێ ئاگاداردەكەینەوە .

مەلا كرێكار دەڵێت: سێ جار لەخەو بەخەبەر هاتومەتەوەو كسپە لەدڵم هاتووە بۆ ئەو روداوەی لێدانی دكتۆر فەرهاد ، دەشپرسێت: بەم شێوەیە دەتانەوێت دەوڵەتێك درووست بكەن كە دەوڵەتێك بێت لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن .

مەلا كرێكار ئاماژەی بەوەش كردووە: بەهەموو شێوەیەك ئیدانەی هێرشەكەی سەر دكتۆر فەرهاد پیرباڵ دەكەم و پارتی بەرپرسیاری یەكەمە، دەشڵێت: ئیدانەی ئەوكاتەش دەكەم كە لە سلێمانی هێرشی كرایە سەرو دەسەڵاتی یەكێتی لەوێ بەرپرسیار بوو .

 

م-ع-كانی