لەسەر بڕینەوەی دەستی منداڵەكە پزیشكێك و كارمه‌ندێك ده‌ستگیركران

سێ شەممە, 18 نیسان 2017 13:11

 

دوای ئەوەی لەنەخۆشخانەیەكی ئاكرێ منداڵێك بەهەڵە دەرزیەكی لێدراو ئەو دەرزیە هەڵەیە بوە هۆی بڕینەوەی دەستی ، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو پارێزگاری دهۆكیش رایگەیاند:  لەسەر بڕینەوەی دەستی ئەو منداڵە بزیشكێك و كارمەندێك دەستگیركراون .

دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ سێ شەممە 2017/4/18 فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆك لەگەڵ دكتۆر نزار عیسمەت، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی دهۆك كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامداو تیشكیان خستە سەر كێشەی بڕینەوەی دەستی ئەو منداڵەی ناوی سەنایەو بەهۆی هەڵەی پزیشكەكانەوە دەستی بڕایەوە .

پێشتر وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: ئەگەر لێكۆلینەوە سەلماندی ،سزای توندی یاسایی و پیشەی ئەو كەسە دەدەین هۆكار بووە بۆدەست بڕینەوەی منداڵەكە، بەوتەی كەس و كارەكەی بەهەڵە كانۆلای بۆدانراوەو دواتریش بووە هۆی ڕەش بونەوەی دەستی و دەستی منداڵەكە برایەوە ، وەزارەتی تەندروستیش دوو لیژنەی بۆ ئەو مەبەستە پێك هێناوە .

لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەش پارێزگاری دهۆك ئاشكرایكرد لەسەر بڕینەوەی دەستی سەنا حیسامی تەمەن دوو ساڵان ، پزیشكێك و كارمەندێك دەستگیركراون و سێ كه‌سی‌ دیكه‌ش به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكراون .

نزار عیسمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ته‌ندروستی‌ دهۆكیش وتی: رێكاری‌ یاسایی و ئیداریی به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گیرێته‌ به‌ر كه‌ كه‌مته‌رخه‌م بوون منداڵه‌كە به‌هۆی‌ نه‌خۆشی‌ سكچونه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ كراوه‌، بەڵام كانولای‌ بۆ دانراوه‌و رۆژێك دوای ئەوە كاریگه‌ری‌ دانانی‌ كانولاكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ منداڵه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌و دوای پێكهێنانی لێژنەیەك و بەشداریكردنی چەند پسپۆرێك بڕیاردرا ده‌ستی‌ ببڕدرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی‌ دروست نه‌كات .

م-ع-كانی