تەندروستی هەولێر رونكردنەوە لەسەر هێرشی كەس و كاری نەخۆشێك بۆسەر پزیشك و كارمەدانیان دەدات

پێنج شەممە, 20 نیسان 2017 12:17

 

لەسەر ئەو هێرشەی كە كەس و كاری نەخۆشێك بۆسەر كارمەندان و پزیشكانی نەخۆشخانەی فریاكه‌وتنی رۆژهه‌ڵاتی هەولێر ئەنجامیان دا بەهۆی ئەوەی نەخۆشەكەیان وەرنەدەگرت ، به‌رێووه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر رونكردنەوە دەدات .

به‌رێووه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر لە رونكردنەوەیەكیدا ئەوەی خستۆتەڕوو: دوای ئه‌وه‌ی رۆژی هه‌ینی هاوڵاتیه‌ك كه‌له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ته‌كانی شاری هه‌ولێر گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژهه‌ڵات به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستی نه‌خۆشه‌كه‌ كه‌له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی له‌ژێر چاودێری چڕ بووه‌ و وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌له‌ژێر نه‌شته‌رگه‌ریدا بێت بۆیه‌ كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه‌ بێ پرسكردن و له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی خۆیان گواستبوویانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژهه‌ڵات هه‌روه‌كو له‌ گرته‌ ڤیدیۆیه‌كدا كه‌له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌ گوایه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ئاماده‌ نییه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌ربگرێت .

ئەوشە خراوەتەڕوو: هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر ئه‌و كات په‌یوه‌ندی به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر كرا بۆ دابینكردنی ته‌خته‌ی تایبه‌ت به‌ چاودێری چری هه‌ناسه‌دان به‌لام به‌هۆی پڕبوونی نه‌خۆشخانه‌كانی شاری هه‌ولێر له‌ نه‌خۆش كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌وانه‌ ئاواره‌ن و له‌به‌ر نه‌مانی ته‌خته‌ی تایبه‌ت به‌ چاودێری چڕی هه‌ناسه‌دان كه‌ زۆر جار له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلیه‌كانیش بۆ ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشانه‌ شوێن نامێنێ، بۆیه‌ نه‌توانرا ئه‌و نه‌خۆشه‌ جێگه‌ی بۆ بكرێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناكرێت له‌ ڕووی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ نه‌خۆشێك له‌ژێر ئامێری چاودێری چڕی هه‌ناسه‌دان ده‌ر‌بهێنرێت و نه‌خۆشێكی تر له‌ شوێنی دابنێی بۆیه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سوكاری ئه‌و نه‌خۆشه‌ به‌ ناره‌وا هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر پزیشكان و كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ كه‌به‌داخه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ به‌ شیووه‌یه‌كی تر باسی لێووه‌ ده‌كرێت گوایه‌ نه‌خۆشخانه‌ ئاماده‌ نییه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌ربگرێت .

به‌رێووه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر  دەشڵێت: ئه‌مه‌ش له‌ كاتێدایه‌ كه‌له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاگه‌وتنی رۆژهه‌ڵات رۆژنه‌ 1200 نه‌خۆش سه‌ردانی ده‌كه‌ن و چاره‌سه‌ری پێویست وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها رۆژانه‌ نزیكه‌ی 50 نه‌شته‌رگه‌ری له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و نزیكه‌ی 100 ته‌خته‌ی نه‌خۆشی تێدایه‌ كه‌ به‌رده‌وام پڕه‌ له‌ نه‌خۆش و له‌ لایه‌ن پزیشكان و كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ خزمه‌ت ده‌كرێن .

م-ع-كانی