فەرهاد پیرباڵ داوای بڕە پارەیەكی زۆر وەك قەرەبوو دەكات

پێنج شەممە, 20 نیسان 2017 17:37

 فەرهاد پیرباڵ نوسەر و مامۆستای زانكو رایدەگەیەنێت، باشبوونی تەندرووستیم دوو ملیۆن دۆلاری دەوێت و لەبری هێرشكردنە سەرم داوای یەك ملیۆن دۆلارم كردووە وەك قەرەبوو، ئاشكراشی دەكات، بەو پارەیە چەند سەنتەرێكی ڕاهێنان بۆ نابینایان و نابیستان دەكاتەوە.

 

فەرهاد پیرباڵ لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، كە تەندروستی زۆر خراپە و پێی عەیبە سەری نیشانی میللەتی خۆی بدات، وتیشی: "ناپاڕێمەوە و بڵێم ئەها چۆن سەرم كون بووە"، بەڵام باشبوونی تەندرووستیم دوو ملیۆن دۆلاری دەوێت.


هێمای بۆ ئەوەشكردووە، كێشەی من زۆر گەورەترە لە یەك ملیۆن دۆلار، چونكە من دەمەوێت شەرەفی هونەرمەند بكڕمەوە بۆ ئەوەی بۆ نموونە جارێكیتر وا لە شڤان پەروەر نەكرێت، جەختیشیكردۆتەوە، "هەستی پێدەكەم لە هەرێمی كوردستان دژایەتیەكی بەهێزی خێزانەكەم دەكرێت و دەزانم چیتر جێگام لە‌هەرێم نابێتەوە".


ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو لەماڵەوە خەریكی خوێندنەوە و توێژینەوەیە، بەڵام لە ماڵیشەوە وازی لێ ناهێنن.


جێی باسە ماوەیەك لەمەوبەر دوو چەكدار لەشاری هەولێر بەجلی مەدەنی هێرشیان كردە سەر فەرهاد پیرباڵ نووسەر و مامۆستای زانكۆ و بەو هۆیەوە ناوبراو بڕیندابوو دواتر پۆلیسی ئەو شارە رایگەیاند، كە دوو چەكدارەكەیان دەستگیر كردووە.