بڕیارێكی حكومەت بۆ دەستكاریكردنی پاشكەوتی موچە ئاشكرا دەكرێت

پێنج شەممە, 20 نیسان 2017 17:41



ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە زاری بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، ئەنجومەنی وەزیران رەتیكردۆتەوە، كە پاشەكەوت لە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیسی پاسەوانی هەرێمدا بكات، جەختیشدەكاتەوە، حكومەت بڕیاریداوە بەجیا دەستكاری رێژی پاشەكەوتی مووچەی هیچ چین و توێژێك نەكرێت.

نازم كەبیر، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، "پێشتر لەلایەن چەند بەرپرسێكی حكومی وادەی پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی پۆلیسی پاسەوانی هەرێم بڵاوكرایەوە، بۆیە دوای سەردانمان بۆ لای كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە بەوەكالەت، پێی راگەیاندین، كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێی وتراوە لەئێستادا پاشەكەوت لە مووچەی هێزەكانی پۆلیسی پاسەوانی ناكرێت".


ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت ئاماژەی بەوەشكرد "ئەنجومەنی وەزیران راگەیاندووە، كە بەجیا دەستكاری رێژەی پاشەكەوتی مووچەی هیچ چین و توێژێك ناكرێت، بەڵكو دەستكاریكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی بەیەكەوە دەبێت".


لای خۆشیەوە قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەسایتی دواڕۆژی راگەیاندوە "دوای كەمبوونەوەی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش، چەند دەنگۆیەك لەبارەی دەستكاریكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە بڵاوكرایەوە، بەڵام لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت كە بەسەرپەرشتی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت بەڕێوەدەچێت، دەستكاریكردنی مووچەی پێشمەرگە رەتكراوەتەوە".