ئەو نەخۆشەی لە نەخۆشخانەیەکی حکومی هەولێر جێگەی نەکرابووەوە گیانی لەدەستدا

هەینی, 21 نیسان 2017 07:55

 

ئەو نەخۆشەی لە نەخۆشخانەی ڕزگاری شاری هەولێر جێگەی نەکرابووەوە و دواتر برایە نەخۆشخانەیەکی دیکە گیانی لەدەستدا.

چۆمان حەمەڕەش کە برای ئەو هاوڵاتییە بوو، ڕاگەیاند، ئەمشەو یەعقوب حەمەڕەش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی لە گۆڕستانی سێ بەردان بەخاک دەسپێردرێت.

وتیشی، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو سکاڵا لەسەر وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە تۆماردەکات و دەیانەوێت لە ڕێگەی دادگاوە دۆسیەکە یەکلایی بکرێتەوە.

ماوەی دوو ڕۆژ نەخۆشێک کە دانیشتووی شاری هەولێربوو، لە نێوان سێ نەخۆشخانەی ئەهلیی و حکومیدا بەبێ هۆشیی هاتوچۆی پێکرا، بەڵام بە ئاسانی جێی نەبووەوە.

یەعقوب حەمەڕەش هاوڵاتییە نەخۆشەکەبوو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر، کەسوکارەکەی دەڵێن لەو نەخۆشخانەیە پێیان وتوون کە لێرە چارەسەری ناکرێت بۆیە بیبەن بۆ نەخۆشخانەیەکی تر.

پێشتر بەرپرسانی تەندروستی هەولێر ڕوونکردنەوەیان دابوو، کە بەهۆی کەمبوونەوەی کەرەستە و پێداویستی پزیشکی، ئاستەنگی زۆر هاتووەتە ڕێی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانیان. بۆیە هۆشدارییان دابوو کە توانایان سنوورداربووە.

هەرچەندە دواتر یەعقوب دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاریی و لەوێ داخڵ دەکرێت، بەڵام خالس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، وێڕای جەختکردنەوەی لە گرفتی کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بەڵام دەشڵێت لێکۆڵینەوەی لێدەکەن.