وادەی دابەشكردنی موچە لەسەر سیستەمی نوێ ئاشكرا دەكرێت

هەینی, 21 نیسان 2017 08:00

 


لە كۆی ئەو كەسانەی ناوی خۆیان لەسیستەمی بایۆمەتری موچەخۆران، تۆمار كراوە، تائێستا زیاتر لە نیوەیان ناوەكانیان داخڵی سیستەمی ئەلیكترۆنی كراوە و چاوەڕواندەكرێت، لە مانگی ئابدا كۆتایی بەو سیستەمە بهێنرێت.
لەو بارەوە ھیوا ئەفەندی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەكنۆلۆجیای زانیاری لەئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم رایگەیاندوە: تائێستا ملیۆنێك و ٩٠ ھەزار كەس لەفەرمانبەرو موچەخۆری مەدەنی و سەربازی، خۆیان تۆماركردووەو رۆژانە (٢٠) ھەزار كەس ناوی دەكرێت بەئەلیكترۆنی.
روونیشیكردەوە، لەكاتی تۆماركردنی فەرمانبەران و موچەخۆراندا، ناوەكان بەدەستی لەسەر فۆرمی زانیاری نووسراوەو پاشان سكان كراوە، لەم قۆناغەدا ناوەكان و زانیارییەكان داخڵی سیستمێكی ئەلیكترۆنی دەكرێت.
وتیشی: "لەئێستادا ٧٠٠ ھەزار فەرمانبەو موچەخۆر ناو و زانیارییەكانیان بەئەلیكترۆنی كراوەو بۆ مانگی ئاب ناوەكان و لیستی موچە لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری دەردەكرێت، ئەوەشی لەو لیستەدا ناوی نەبێت و خۆی تۆمار نەكردبێت، موچەی نابێت".
وتیشی:" ئەگەر فەرمانبەرێك لەوەزارەتێك یان فەرمانگەیەكەوە بۆ وەزارەت و فەرمانگەیەكی دیكە گواسترایەوە، پێویستە گواستنەوەی بایۆمەتری موچەكەشی بۆ بكرێت و ئاگادار بكرێینەوە".