"لەبری خەونەكانتان، گەندەڵی بنەبڕبكەن"

هەینی, 21 نیسان 2017 09:59

 

 

مەرجەعێكی شیعەكان داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات دان بەخۆیاندا بگرن و كاتی بەدیهێنانی خەونەكان نیەو لەبری ئەوە هەوڵی بنەبڕكردنی گەندەڵی بدەن.

(موحەمەد تەقی مودەرسی كەربەلائی) یەكێك لە مەرجە شیعییەكان لە وتاری هەفتانەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، بارودۆخی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی گونجاو نیە بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكانتان.

كەربەلائی لە وتارەكەیدا داوای لە بەرپرسانی هەرێم كردووە، هەوڵی بنەبڕكردنی گەندەڵی بدەن و لەخەمی بەڕێوەبەردنی ئیدارەیەكی باشدابن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، با بەرپرسانی هەرێم گرنگی بە گفتوگۆو كۆبوونەوەكان بدەن لەگەڵ بەغدا، نەك تەنها بۆ كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان بەڵكو بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەیەكی نیشتمانی بەرەو پێشكەوتنی شارستانی.

پێشتریش (عەمار حەكیم) سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان ڕایگەیاندبوو، دۆخی ناوچەكەو نێودەوڵەتی گونجاو نیە بۆ سەربەخۆیی و جگە لە ئیسرائیل هیچ ووڵاتێكی ناوچەكەو جیهان دان بە دەوڵەت و سەربەخۆیی كوردا نانێن.

 

ئـ . كـ