یەكێتی لە بارەی هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە هۆشداری دەدات

هەینی, 21 نیسان 2017 11:45

 


بەرپرسێكی یەكێتی لە شەنگال هۆشداری دەدات لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە لە ناوچەكە، گەر بێت توركیا لەشكركێشی بۆ سەر هێزەكانی پەكەكە لە دەڤەرەكەیان ئەنجام بدات.
جەمیل خدر، لێپرسراوی مەڵبەندی شنگالی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سایتی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: جگە لەشەڕڤانانی یەبەشە، حەشدی شەعبی لەسنوری شنگال هەیە، بۆیە ئەگەر توركیا لەشكركێشی بكات، تا لەدەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە هێزەكانی دەگەیەنێتە شنگال، زۆر قورس دەبێت.
جەختیشی كردۆتەوە: "ئەگەر توركیا لەشكركێشی بكات، حكومەتی عیراقیش بێ ھەڵوێست نابێت، كارێكی لەو جۆرەش ئاگرێكی گەورەی شەڕەو توركیا دەیخاتە ناوچەكەوە".
بەرپرسەكەی یەكێتی هەڵوێستی حزبەكەی لەبارەی بەشداریكردن لەشەڕی دژ بەئێزیدییەكان ئاشكراكردو وتی:" هیچ كاتێك لەگەڵ شەڕ نین، چونكە هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات، ئەو هێزەی ئێمەش كە لەشنگالن هێزی هاوبەشی پێشمەرگەن، ئەركەكانیشیان دیاریكراوە كە بەرامبەر بەتیرۆرستانی داعش شەڕ بكەن، ڕێنماییمان بۆ هاتووە هیچ هێزێكی ئێمە تەداخولی شەڕی تر جگە لەدوژمن نەكات".
ئەوەش لەكاتێكدایە، بەشێكی زۆر لەمیدیاكان باس لەمەترسی لەشكركێشی توركیا بۆسەر شنگال دەكەن و لەلێدوانێكیشدا خدر ساڵح سەرۆكی ئەنجومەنی ئێزیدییانی شنگال ئاشكرایكردبوو: مەترسی لەشكركێشی توركیا بەهاوكاری پارتی بۆسەر شنگال لەئارادایە.