لیستی موچە رەوانەی بەغدا كرا

29/06/2019 - 14:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەمەبەستی یەكخست و هاوتا كردنی موچەی كەش و كاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان لیستێكی نوێی موچە ڕەوانەی بەغدا دەكات، وتەبێژی وەزارەتەكەش وردەكاریەكەی لە سەر لیستەكە بڵاودەكاتەوە هاوتاكردن و یەكخستنی موچەی زیندانیانی سیاسی تەنها بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە.

فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عیراق سەردانی هەرێمیان كردو داوامانكرد، موچەی شەهیدان هاوتا بكرێت، دواتر لیژنەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێكهات و دواتریش فەرمانێكی دیوانی پێ دەرچوو، لیژنەكەش داوای لیستی موچەی كەسوكاری شەهیدانیان كرد، لیژنەكە ژمارەیەك ڕاسپارەدەی تایبەتی بۆئەو مەبەستە دەركرد، لیستی موچەو ناوی موچەخۆرانی زیندانیانی سیاسی بەشێوازی نوسین و ئەلیكترۆنی ئاراستەی دەستەی گشتی زیندانیانی سیاسی عیراق كراوە.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، نوسراوێكمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كردو داوامانكرد، بۆ هاوتاكردنی موچەی كەسوكاری شەهیدانی هەرێم و بەغدا پێویستی بەهەمواری یاسا هەیە، لەقۆناغی ئێستادا موچەو ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی هاوتا بكەن، تا یاسای شەهیدان هەمواردەكرێتەوە.

فوئاد عوسمان ئەوەشی ئاشكرا كردوە،لەهەمواركردنەوەی یاسای شەهیدان ئەو بابەتە یەكلادەكرێتەوە، چونكە لەهەرێم چەندجۆرێك لەموچەخۆری شەهیدان تۆماركراوە، بەڵام ئێستا بۆ هاوتاكردنی زیندانیانی سیاسی تەنها یەك بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی ماوە.